Registrar‎ > ‎

فۆڕمەکان

سڵاوی زانست...
   تۆماری كۆلێجەكەمان، لەپێناو زیاتر ئاسان ڕاییكردنی كارەكانی خوێندكارانی خۆشەویست و دەرچووانی كۆلێجەكەمان، لەم گۆشەیەدا سەرجەم ئەو فۆرمانەی لەكاروباری رۆژانەدا خوێندكاران و دەرچووانی بەشەكانی كۆلێجەكەمان پێویستییان پێی دەبێت، دادەنێت وەك: (پشتگیری خوێندکار بۆ دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم، بڕوانامەی بە نمرە، بڕوانامەی دەرچوون، پشتگیری دەرچوون، بڕوانامەی دیواربەند)، لەپاڵ ئەمەشدا شێوازی جێبەجێکردنی کارەکانی لەناو کۆلێج و پێداویستییەكان بۆ هەریەك لەمانە دەخاتەڕوو تاوەكو راستەوخۆ ئاگاداربن و لەدوورەوە كارەكانتان بە ئاسانی ئەنجام بدەن.

بڕوانامەى بە نمرە

(ڕوونکردنەوە: مەبەست لە بڕوانامەى بە نمرە بریتییە لەو نوسراوە فەرمییەی کە بابەت و یەکە و نمرەى هەموو قۆناغەکانى خوێندنى خوێندکار لە ماوەى چوارساڵى خوێندندا لە خۆدەگرێت)

 

پێداویستییەکان:

- فۆڕمی داواکاری (كلیك لیره‌ بكه‌ بۆ داگرتنی فۆرمه‌كه‌)

- (٥- پێنج) وێنەی گەورە (شێوەی بەکارهێنراو لە پەساپۆرت).

- کۆپیی پەساپۆرت(ڕەنگاوڕەنگ).

- پسوڵەیەک بە نرخی (٥٠- پەنجا هەزار دینار) لە ژمێریاری کۆلێج ببڕدرێت.

- تەنها (٣- سێ) کۆپی ئەصلی بڕوانامەکەی وەردەگرێت.

چۆنییەتی ڕێکارییەکانی وەرگرتنی: دەتوانیت فۆڕمەکە دابەزێنیت یان لە یەکەی تۆماری کۆلێج وەریبگریت، پاشان هەموو داواکارییەکانی ناو فۆڕمەكە پڕبكەیتەوە بەتایبەت ناوی چواری كە دەبێت بەو شێوەیەی لە پەساپۆرتدا نووسراوە لە فۆڕمەكەدا بنوسرێت وتێدا زمانی بڕوانامەکە (زمانی کوردی، زمانی ئینگلیزی، زمانی عەرەبی) دیاری بکە و سەدانی تۆماری کۆلێج بکە و لەوێ پەراوێزی ڕێکخەری بڕوانامەی لەسەر دەنوسرێت و ئاڕاستەی ڕاگری کۆلێج دەکرێت بەمەبەستی پەسەندکردنی و دەربڕینی ڕەزامەندی، ئینجا پسوڵەکە لە هۆبەی ژمێریاری کۆلێج ببڕە و کۆی مامەڵەکە بگەڕێنەوە بۆ لای ڕێکخەری بڕوانامەی بە نمرە لە تۆماری کۆلێج تا كاروباری دەركردنی بڕوانامەكەت بۆ ئەنجام بدرێت و لەگەڵ تەواوبونیشیدا تۆماری كۆلێج خۆی تەلەفۆن دەكات بۆ وەرگرتنەوە.

تێبینی/

-      پێویستە داواکار خۆی یان کەسی نزیکی هەڵبستێت بە ئەنجامدانی ئەم ڕێکارانە، بو هەمان شێوە بۆ وەرگرتنەوەی.

-        بڕوانامەى بە نمرە  تەنها بۆ ئەو خوێندکارانەیە کە دەرچووى کۆلێجەکەمانن.


پشتگیری دەرچوون

ڕوونکردنەوە: پشتگیرى دەرچوون تەنها بۆ ئەو خوێندکارانەیە کە دەرچووى کۆلێجەکەمانن (لەم پشتگیرییەدا تەنها تێکڕا و ڕیزبەندیی خوێندکاری تێدایە)

 

پێداویستییەكانی:

- فۆڕمی داواكاری (لێرە فۆڕمی داواکاری دابەزێنە).

وێنەیەكی گەورە (شێوەی بەکارهێنراو لە پەساپۆرت).

- پسوڵەیەک بە نرخی (٢٠- بیست هەزار دینار) لە ژمێریاری کۆلێج ببڕدرێت.

 

چۆنییەتی ڕێکارییەکانی وەرگرتنی: سەرەتا لەم لینكەوە داواكارییەكە دابەزێنە یان لە بەش وەریبگرە و پاشان پڕی بكەرەوە و واژۆی سەرۆکی بەش یان بڕیاردەری بەشی لەسەر داواکارییەکە بکە و بیبە بۆ لای ڕاگری كۆلێج یان یاریدەدەری ڕاگر تا واژۆی لەسەر بكەن، ئینجا لە ژمێریاری كۆلێج پسوڵەكە ببڕە و بیبە بۆ تۆماری كۆلێج تا لەوێ‌ كارەكانت تەواو بكرێت.



بڕوانامەی دەرچوون

ڕوونکردنەوە: بڕوانامەى دەرچوون  تەنها بۆ ئەو خوێندکارانەیە کە دەرچووى کۆلێجەکەمانن و نووسراوى فەرمى لە دەزگایەکى فەرمییەوە دەهێنن بۆ دامەزراندن یاخود گۆڕینى بڕوانامە. واتە: پشتبەست بە نوسراوێک ئەم جۆرە بڕوانامەیە دەردەکرێت کە تەنها تێکڕا و ریزبەندی لەخۆدەگرێت.

 

 

پێداویستییەکان:

- نوسراوی فەرمی ئەو فەرمانگە یا بەڕێوەبەرایەتییەی کە داوای بڕوانامەی دامەزراندنی کردووە.

- وێنەیەكی گەورە (شێوەی بەکارهێنراو لە پەساپۆرت).

- پسوڵەیەک بە نرخی (٢٠- بیست هەزار دینار) لە ژمێریاری کۆلێج ببڕدرێت.

 

چۆنییەتی ڕێکارییەکانی وەرگرتنی: سەرەتا نوسراوێک لەو فەرمانگە یان بەڕێوەبەرایەتیی یاخود دامەزراوە حکومییە دەهێنیت کە داوای بڕوانامەی دامەزراندنی لێکردوویت، پاشان دەجیتە ئەو بەشەی تێدا دەرچویت، لەوێ واژۆی سەرۆکی بەش یان بڕیاردەری بەشی لەسەر نوسراوەکە دەکەیت ئینجا نوسراوەکە دەبەیت بۆ لای ڕاگری كۆلێج یان یاریدەدەری ڕاگر تا واژۆی لەسەر بكەیت، دواتر لە ژمێریاری كۆلێج پسوڵەكەیەک ببڕە و بیبە بۆ تۆماری كۆلێج تا لەوێ‌ كارەكانت تەواو بكرێت.


پشتگیرى خوێندکار

ڕوونکردنەوە: ئەم جۆرە پشتگیرییە تەنها بۆ ئەوانەى لە ئێستادا لە قۆناغێک لە قۆناغەکانى بەشەکانی کۆلێجەکەمان خوێندکارن،  واتە: ئەوانە ناگرێتەوە کە دەرچووی کۆلێجەکەمانن.

 

پێداویستییەکان:

- فۆڕمی داواكاری (لێرە فۆڕمی داواکاری دابەزێنە).

چۆنییەتی ڕێکارییەکانی: سەرەتا لەم لینكەوە داواكارییەكە دابەزێنە یان لە بەش وەریبگرە و پاشان پڕی بكەرەوە و واژۆی سەرۆکی بەش یان بڕیاردەری بەشی لەسەر داواکارییەکە بکە و بیبە بۆ لای ڕاگری كۆلێج یان یاریدەدەری ڕاگر تا واژۆی لەسەر بكەن، ئینجا بیبە بۆ تۆماری كۆلێج تا لەوێ‌ كارەكانت تەواو بكرێت.


بڕوانامەى دیواربەند ( وثیقة جداریة)

پێداویستییەکانى:

- فەرمانى زانکۆیی پێدانى بڕوانامەى بەکالۆریۆس ( تۆمارى کۆلێج دەدرێت)

- وێنەى پەساپۆرت.

- بڕى (٥٠٠٠٠- پەنجا هەزار) دینار (لە تۆمارى گشتى زانکۆ پسوڵەى پارەکە دەبڕدرێت).

 

چۆنییەتى ڕێکارییەکانى وەرگرتنى: سەرەتا وێنەیەک لە پەساپۆرتەکەى خۆت هەڵبگرە و لە تۆمارى ئەو کۆلێجەى دەرچوویت، فەرمانى زانکۆیی پێدانى بڕوانامەى بەکالۆریۆسەکە وەربگرە وپاشان سەردانى تۆمارى گشتى زانکۆى سلێمانى بکە و لەوێ پسوڵەى (٥٠٠٠٠) پەنجا هەزار دینار دەبڕیت و ئینجا لە تۆمارى گشتى زانکۆ کارەکانى ترت بۆ ئەنجام دەدریت.