بەرهەمی (نەوتی بەردین) لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کاریگەری لەسەر دابەزینی بەهای نەوتی جیهانی.

posted Jun 11, 2016, 12:02 PM by Adil Mohammed Noori

صلاح الدین ئەنوەر قەیتوولی(*)

        نەوتى بەردین چییە..؟

        سووتەمەنییەکى سووکە لە جۆرە بەردێک دەردەهێنرێت کە مادەى (کیرۆسین)ى تێدایە، بە میکانیزمى گەرمکردنەوە و تواندنەوەی بەردەکان مادەیەکى شلى (هایدرۆکاربۆن)ى لێدەردەکرێت کە خەسڵەتەکەى هاوشێوەى نەوتى خاوە، بڕى تێچوون و دەرهێنانى ئەم نەوتە جیاوازە بە بەراورد لەگەڵ نەوتى لیتەیی یاخود نەوتى خاوى سروشتى، بەڵام جۆرێک لە تەکنەلۆجیاى تایبەتى پێویستە.

        لەم چەند سالانەى دوواییەدا لە (ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا) شۆڕشێکى گەورەى بەرهەمهێنانى نەوتى بەردین بەرپابووە، ویلایەتى (تاکساس) زۆر دەوڵەمەندە بەم مادەیە، تەنانەت سەرۆک (باراک ئۆباما) لە لێدوانێکدا سەرەتاى (2015) دڵخۆشى خۆى دەربڕیوەو دەڵێت: ویلایەنە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا دەتــوانێت لە کۆتایى ساڵى(2017) بەهۆى بەرزبوونەوەى بەرهەمى نەوتى بەردینەوە بگاتە ئاستێک لە بەرهەم عەرەبستانى سعودیەیش تێپەڕینێت و ببێتە یەکەمى جیهان لەبەرهەمهێنان.

 

        مێژووى بەکارهێنانى نەوتى بەردین لەجیهان:

1. پێشتر لە جەنگى یەکەمى جیهان نەوتى بەردین وەکو ووزە بۆ مەبەستى گواستنەوە تاڕادەیەک بەکارهێنراوە.

2. وەکو کەرەستەیەکى خاویش لە کارگەکانى بەرهەمهێنانى مادەى کیمیاوى سازگار بەکارهێنراوە.

3. وەکو مادەیەک بۆ پاراستنى تەختەى ریگاکانى گواستنەوەى ئاسنیش بەکارهێنراوە.

4. لە ساڵى (2008)وە بەشێوەى فراوان بۆ بەرهەمهێنانى مادەى کیمیاوى هەمەجۆر سوودى لێوەرگیراوە، وێڕاى بەکارهێنانى بۆ گەرمکردنەوەى باڵاخانەکان و ماڵان.    

 

        بەرهەمهێنانى نەوتى بەردین و نیگەرانیەکانى وڵاتانى (OPK)

        رێکخراوى ئۆپیک کە عەرەبستانى سعودیە سەرپەرشتیى دەکات هەمیشە نیگەرانى خۆى دەربڕیوە لە ئاستى بەرزبوونەوەى بەرهەمى نەوتى بەردین و پێوایە ئایندەى داخوازییەکان لەسەر نەوتى خاوى وڵاتانى بەرهەمهێنەر لەمەترسیدایە، بەڵام هەندێک لە چاودێرانى بوارى ئابوورى پێانوایە نزمبوونەوەى نرخى تێچوونى نەوتى سروشتى سەرەنجام کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانى نەوتى بەردین ناچاردەکات دەستبەردارى ئەوجۆرە نەوتە بن و لە بازارەکانى نەوتدا بچنەدەرەوە.

        بەڵام دیدى کۆمپانیا نەوتییەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان بە پێچەوانەوە رەوشەکە لێکدەدەنەوە و توانیویانە ساڵ بەساڵ تێچوونى بەرهەمهێنانى یەک بەرمیل بگەیەننە ئاستى (40) دۆلار، بۆ نمونە بەپیێ داتاکانى کۆمپانیاى (I.h.s)ى ئەمەریکى تایبەت بە لێکۆڵینەوە لەسەر وزە دەرکەوتووە کۆمپانیاکانى (ئەمەریکا) توانیویانە تێچوونى نەوتى بەردین  بەرێژەى (45%) کەمبکەنەوە.

        لەمڕووەوە (جۆن هێس) سەرۆکى کۆمپانیاى (هیس کۆربرەیشن)ى پسپۆر لە بوارى دەرهێنانى نەوتى بەردین دەڵێت: لە ئێستادا ئێمە تووانیومانە بڕى تێچوونى بەرهەمهێنان کەمبکەینەوە بۆ (50%) و لە ئایندەیەکى نزیکدا دەیگەیەنینە (30%)، وێڕاى ئەوە رۆژ بە رۆژ  ژمارەى تاوێرەکانى لێدانى بیرەکانى بەرهەمهێنانى نەوتى بەردین لە زیادبووندایە بەجۆرێک بەرهەمى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا گەیشتۆتە (9،3) ملیۆن بەرمیل لە رۆژیکدا.

 

        بەرهەمهێنانى نەوتى بەردین و ترسى رێکخراوەکانى پاراستنى ژینگە:

        دەرهێنانى نەوتى بەردین هۆکارێکە بۆ پیسبوونى ژینگەى بەمجۆرە:

1. بەرهەمهێنانى (1) یەک بەرمیل بۆ تواندنەوەى بەردەکان پێویستیى بە (2) دوو بەرمیل ئاوە، واتە ئەگەر بێت و تەکنەلۆجیاى دووبارە پاککردنەوەى ئاوى بەکارهاتوو بۆ پاڵاوتن پێشنەخرێت، ئەوا ئەو ئاوەى بەکاردێت دەبێتە هۆى سووربوونى زیاترى ئاوى دەریاکان و ژەهراوبوونى ژینگەى دەورووبەر.

2. بەرهەمهێنانى (1) یەک بەرمیل دەبێتە مایەى کەڵەکەبوون و فڕێدانى (1،5) تەن و نیو بەردى پاشماوە، کە بێگومان لەناوبردنى ئەم رێژە زۆرەى پاشەڕۆ تێچوونێکى زۆرى دەوێ کە لە رووى ئابوورییەوە جێ قبوول نییە.

3. ناوەندەکانى ژینگەپارێزى بەرهەڵستکارى دەرهێنانى نەوتى بەردین دەکەن بەوجۆرە ئاماژەى پێکرا بەپاساوى مەترسى ژەهراوى بوونى ئاوى ژێر زەوى.

4. واتا رێکخراوەکان هەمیشە داوادەکەن وزەی پاک بەکاربهێنرێت نەک ئەمجۆرە لە وزە.

 

        وڵاتە بەرهەمهێنەرەکان و یەدەکى (نەوتى بەردین) لەجیهان:

        زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نەوتى بەردین لە رووى بەرهەم و یەدەکەوە لە (5) پێنج کیشوەرى جیهان بوونى هەیە بەمجۆرەى خوارەوەیە:

1. ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا .

2. ئەرجەنتین .

3. چین .

4. وڵاتانى تر وەکو: کەنەدا و مەکسیک و روسیاى فیدراڵ و وڵاتى (الجزائر) کە بڕیارە بڕى بەرهەمى رۆژانەى لە ساڵى (2020) بگاتە (5) ملیۆن بەرمیل.

 

        بەرهەمى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا:

        سەرۆکى ئینیستیتۆى فەرەنسى (جان لویس شیلانسکی) جەخت لەو راستییە دەکات کە بەرەپێشچوونى پیشەسازى نەوتى بەردین لە ئەمەریکا کاریگەرى ئەوتۆى دروستکردووە لەسەر بازارەکانى کڕین و فرۆشى نەوت لە جیهان، دەڵێت: ئەگەر ئەم شۆڕشەى نەوتى بەردین لە ویلایەتە یەکگرتووەکان نەبوایە  ئەوە ئێستا بەهاى یەک بەرمیل نەوت لە جیهان گەیشتبووە (100) دولار .

        لە ساڵى رابردوو (2015) بڕى بەرهەمى نەوتى بەردینى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا رۆژانە گەیشتە (4،2) ملیۆن بەرمیل، بەپێى لیکۆڵینەوەیەکى ئینیستیۆى فەرەنسى دەریخستووە گەشەکردنى بەرهەمى نەوتى بەردین لە ئێستادا تــــــــوانیویەتی (60%) پێداویستیەکانى ئەمەریکا دابین بکات، بڕى یەدەکی نەوتى بەردین لەم وڵاتە دەگاتە نزیکەى (78) بلیۆن بەرمیل، بۆ ماوەى (10)ساڵى داهاتوو سەرجەم پێداویستییەکانى نێوخۆى پڕدەکاتەوە.

        شیلانیسکى پێوایە ئەگەر بێت و نرخى نەوت جارێکى تر بگاتەوە بە (60 - 70)دۆلار  ئەوەش وادەکات بەشێوەیەکى چاوەڕواننەکراو جارێکى تر رێژەى بەرهەمهێنانى نەوتى بەردین بەرز دەبێتەوە.

 

        بەرهەمى وڵاتى ئەرجەنتین:

        وەکو یەدەک ئەم وڵاتە لە نەوتى بەردیندا بە پلەى دووەم دێت لە جیهان، بەڵام لە رووى بەرهەمهێنانەوە هێشتایش لە گەشەکردنندایە و بەشێک لە پێداویستییەکانى نێوخۆى پڕکردۆتەوە، بەپێى لیکۆڵینەوەى ئینیستیۆى فەرەنسى بڕى یەدەکى خەمڵیندراوى ئەرجەنتین دەگاتە نزیکەى (37) بلیۆن بەرمیل کە بۆماوەى (100)ساڵ داهاتوو پێداویستییەکانى ئەم وڵاتە پڕدەکاتەوە.

 

        بەرهەمى وڵاتى چین:

        ئەم وڵاتە رێژەیەکى باش لە گازى بەردین و ئینجا نەوتى بەردینی هەیە کە بەپێى لیکۆڵینەوەکان دەگاتە (32) ملیۆن بلیۆن و بەشى (8) ساڵ پێداویستى نێوخۆى پڕکردۆتەوە، کۆمپانیاى (سینوبک)ى چینى بۆ جارى یەکەم لە هەرێمى (سیشیوان) دەستێکردووە بە بەرهەمهێنانى گازى بەردین و پاشان نەوتى بەردین و توانیویەتی ساڵانە بەتیکڕا بگاتە (5) بلیۆن مەترى سێجار.

 

        بەرهەمى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا و دابەزینى بەهاى نەوتى جیهان:

        خــــواستى رۆژانەى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا لە نەوتى خــاو دەگاتە (20،000،000) بەرمیل، لەم بڕەیەدا ئەمەریکا بە بەرهەمى ناوخۆى (9،000،00) ملیۆن بەرمیل پڕدەکاتەوە، ئینجا بڕى (11،000،000) ملیۆن بەرمیل لە بازاڕەکانى جیهان دەکڕێت، بە تایبەتى لە سعودیە و وڵاتانى کەنداو، بەمجۆرە ئــەمـەریکا (1/4) بەرهەمى نەوتى جیهان بەکاردێنێت، واتا (25%)ى نەوتى جیهان ساغ دەکاتەوە، پێشتریش ئاماژە بەو راستییەکراوە کە نەوتى بەردین تووانیویەتی (60%) پێداویستى (ئەمەریکا ) دابین بکات، کە پێشتر لە رێگاى هاوردەکردنەوە پڕکرایەوە، ئەمەش وایکردووە بەهاى نەوتى جیهان بەو رادەیە دابەزێت، ئەمە جگە لە کاریگەرى ئەم خاڵانەى خوارەوە:

 

1. دابەزینى بڕى ئەو رێژە نەوتەى کە پێشتر وڵاتى چین هاوردەى دەکرد بەبڕى (2) دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەهۆى پاشەکشەى گەشەى ئابوورى لە لایەک و دابەزینى بەهاى (یۆان) کە دراوى فەرمى چینە بەرامبەر دۆلارى ئەمەریکى لەلایەکى ترەوە.

2. ململانێ عەرەبستانى سعودیە لەگەڵ کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانى نەوتى بەردین لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا لەلایەک و ئەگەرەکانى گەراِنەوەى ئێران بۆ بازارى نەوتى جیهانى لەلایەکى ترەوە.

3. تووڕەبوونى رادەبەدەرى سعودیە و وڵاتانى کەنداو لە رێکەوتنى ئەتۆمى لە نێوان ئەمەریکا - ئێران و سووربوونیان لەسەر کەمنەکردنەوەى بڕى بەرهەمى رۆژانەى نەوت بۆ تێکشکاندنى ئێران و رۆسیاى فیدراڵ کە لەبەرەى دز بە سعودیەدان.

4. شەڕى دژ بە رێکخراوى تیرۆریستى داعش واى لە ژمارەیەک لە وڵاتان کردووە هەمیشە لەقەیرانى دارایی بن و پێویستیان بەپڕکردنى بازارەکان بێت لە نەوت، ئەمە وێڕاى جەنگى سعودیە هاوپەیمانى عەرەبى دژ بە حوسییەکانى یەمەن ..

●●●

 

*) مامۆستای یاریدەدەر  لە بەشی زانستە کۆمەڵایەتییەکان، زانکۆی سلێمانی.                     

 

Comments