پەیوەندی کورد و سۆمەرییەکان تا کەی کێشەی سۆمەرییەکان بە هەڵواسراوی بمێنێتەوە؟

posted Jun 11, 2016, 11:56 AM by Adil Mohammed Noori

نووسینی: فاتیح عەبدوڵڵا محەممەد(*)


        سۆمەرییەکان یەکێکن لە گەلە دێرینەکانى کوردستان و باشوور و باشورى رۆژهەڵاتی وڵاتى نێوان دوو رووبارە. لەسەر کاتى دەرکەوتن و رەچەڵەکى ئەم نەتەوەیە مشتومڕى زۆرى هەیە و تاکو ئێستا یەکلانەکراوەتەوە کە سەر بە چی رەگەزێکن و لە کوێوە هاتوون؟ تەنها ئەوە نەبێت سەلمێنراوە رەگەزى سامى نەژاد نین، واتە زۆر جیاوازن لە ئەکەدی و ئاشورى و بابلی و کلدانی و ئارامى و عەرەب. هەروەها چەندین بۆچوون هەن دەربارەی ئاری بوونی سۆمەرییەکان، بەڵام تا ئێستاش بڕیار نەدراوە ئەمانە ئارى نەژادن، یان نا، ئەوەش سەرنجمان بۆ خاڵێکى تر رادەکێشێت ئەویش ئەوەیە ئەگەر ئەمانە سەر بەو دوو کۆمەڵەیە نەبن کەواتە ئەى خەڵکى کوێن، لە کوێوە هاتوون؟ لە چ رەگەزێکى مرۆڤایەتییەوە نزیکن؟ خۆ کۆمەڵێک گەلى رەسەن لە کوردستاندا هەن وەک سوباری و گۆتی و لۆلۆ کە ئاریى نین، بەڵام بە خەڵکى رەسەنى کوردستان دادەنرێن. کەواتە سۆمەرییەکان زۆر نزیکن لە سوبارى و کاشییەوە لە رووى دیاریکردنى رەگەزەوە. خۆشبەختانە تاکو ئەمڕۆ بەپێى مێژووى و شارستانى و جوگرافى و زمانەوانى و مرۆى و رەگەزناسى و .. هتد. ئەوەش سەلمێنراوە کە سۆمەر نزیکایەتیان لەگەڵ کورد و نەتەوە کۆنەکانى کوردستان وەک سوبارى و کاشى و گۆتى و لۆلۆى و خورى میتانى و ئیلامی و هەندێ خێڵى گەورەى ئەمرۆى کوردستاندا هەیە، وەک فەیلى و ئەو کوردانەى ئەمرۆ لە ناوچەى بەدرە و جەسان و شوێنى نزیک لە پاشماوەى شارە سۆمەرییەکاندا دەژین. ئەگەر ئێمە یەک بە یەک باس لەو بەڵگانە بکەین دەتوانین بگەینە ئەو راستییە و کێشەى هەڵواسراوى سۆمەر یەکلایى بکەینەوە. با لە سەرەتاوە بە بەڵگەى جوگرافیایى و شوێنناسی دەست پآ بکەین کە وەک ئاڕاستەى کۆچى سۆمەر بە هەند وەردەگرێت.

        لێرەدا بۆچوونى هەندێ شوێنەوارناس دەخەینەڕوو لەسەر رەگەز و چۆنێتى هاتنى سۆمەرییەکان بۆ میسۆپۆتامیا، دواتر شییان دەکەینەوە. پێشئەوە پێویستە بزانین وشەى سۆمەر لە چییەوە هاتووە و شوێنیان کوێیە؟ بەشێکى زۆر لە توێژینەوەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە وشەى (سۆمەر – شومر) بۆ یەکەمجار لە دەقەکانى سەردەمى پاشاى ئور کە نازناوى خۆى وەک پاشاى وڵاتى سۆمەر ئەکەد داناوە هاتووە. بەماناى (زەوى) یان (سید الارچ القێب - گەورەى زەوى ناوچە قامیشەڵانەکان ).(1) هەروەها سۆمەر لە بنچینەدا لە دوو بەش پێکهاتووە (سو) واتە گەل (مر) واتا دانیشتوو – نیشتەجآ – مرۆڤ .(2) هەروەها جۆرج روو دەڵێ: (ناوى سۆمەر بۆ ناوى ناوچەیەک لە باشورى میسۆپۆتامیا بەکارهاتووە کە بە شۆمەریش ناسراوە یان بۆ دەوڵەتەکەیان بەکارهاتووە).(3) هەروەها (یولیوس ئۆپیرت) یەکەم کەس بوو زاراوەی سۆمەری بەکارهێنا لە ساڵی 1869زدا.(4)

        سنوورى جوگرافیاى وڵاتى سۆمەر دەکەوێتە باشور و ناوەڕاستى میسۆپۆتامیاوە، لە باشورەوە کەنداوى عەرەب و وڵاتى ئیلام هەندێجار هەموو وڵاتى نێوان دوو رووبارەیان لە ژێر دەستبووە لە باکورەوە خاپوور لە رۆژئاواشەوە رۆژئاواى کوردستان.(5) لە گرنگترین شارەکانى سۆمەر ئەمانە بوون: (لکش ، ئورک ، ئور ئایسن و لارسا و ئوما و ئەریدۆ و نیپور)(6)

        سەبارەت بە رەگەزیان بۆچوونى جیاواز و ناکۆک هەیە، هەر لەبەرئەوەشە تاوەکو ئەمڕۆ زاناکان نەیانتوانیوە ئەو کێشەیە یەکلایی بکەنەوە و ناویانناوە (کێشەى سۆمەر) (المشکیلە السومرییە ). ئەمەش بە پشتبەستن بە هەندآ بەڵگەى زمانەوانى و رەگەزى ... هتد. بۆچوونێک دەڵێت: سۆمەرییەکان کۆمەڵە خەڵکێکن لە چاخەکانى پێش مێژووەوە لەوێدا ژیاون و بناغەى شارستانییەتییەکان داناوە. گەلێکى رەسەنى ناوچەکەن و سەر بە هیچ رەگەزێکى سامى و ئارى نین، ئەمانە بە سۆمەر یان شومر ناسراون.(7) هەندێکى تر دەڵێن: لە رۆژهەڵات و باکورى رۆژهەڵاتەوە هاتوون لە رێگاى ئێران و ئەرمینیاوە، بەڵگەش بۆ ئەمە داستانێکى سۆمەرییە کە هى پاشاى سۆمەر (انمرکار) لە خێزانى یەکەم لە شاری ئور و لە دواى تۆفان، باس لەوە دەکات کە باووباپیرانیان بە ناوچەى شاخاویى و بەرزدا هاتوون. هەر بۆیە (سمۆئیل کریمەر) پێیوایە لە قەوقاز و قەزوینەوە هاتبن و لە چاخى نوآ و کانزایى و سەردەمى شارستانییەتى عوبێد و ورکا ْ دا. هەروەها دەڵێت دواى ئەوەى بەرێگاى ئێراندا گەیشتۆنەتە ناوچەکە خۆیان بەهێزکردووە و خۆیان سەپاندووە، چونکە ئەو سەردەمە بە چاخى پاڵەوانیش (العصر البطولە)ش دەناسرێت. هەندێکى تر دەڵین: پێدەچێت لە هندستان و ئەفغانستان و بلوجستانەوە هاتبن و لە ئێران ماونەتەوە، پاشان بەرە و میسۆپۆتامیا هاتوون بە رێگاى ئاوى.(8) تاکە بەڵگەشیان بۆ ئەم بۆچوونە لێکچوونى گلێنەسازى (فخار)ە لەگەڵ وڵاتى سۆمەردا. کۆتا بۆچوون دەڵێت: لەوانەیە لە ناوچە شاخاوییەکانى دیالەوە چوبێتن بۆ باشوور، چونکە سۆمەرییەکان گەلێکى شاخاوى جەنگاوەر بوون سەرەڕاى ئەوەش خاوەن شارستانییەتێکى پێشکەوتوو بوون پێش داهێنانى نوسین کەلوپەلى پێشکەوتوویان بەکارهێناوە کە سەرچاوەکەى ناوچە شاخاوییەکان بووە، لە هەزارەى چوارەمى پ. ز دا بەرە و باشوور رۆیشتوون. هەروەها سمۆئیل کریمەر پێیوایە سۆمەرییەکان لە کۆتایى هەزارەى چوارەمى پ. ز و هەزارەى سێیەمى پ. ز هاتوونەتە ناوچەکە یان لە چاخەکانى پێش مێژوو یان لە چاخى (عوبێد و وەرکا ْ و اریدو) کە هەزارەى پێنجەم دەکات. لەم روانگەیەوە هەریەک لە زانایانى وەک سمۆئیل هنرى کوک و سمۆئیل نوح کریمەر و فرانکفۆرت وجۆرج روو، تەها باقر و فازڵ عبدالواحید لەگەڵ ئەو بۆچوونەن کە سۆمەرییەکان نیشتمانى رەسەنیان وڵاتى ناوچە شاخاوییەکانى میسۆپۆتامیایە لەوێشەوە دابەزیونەتە خوارەوە. کەواتە زێدی ئەوان کوردستانە. هەروەها هندکوک و ئەحمەد سوسە پێیانوایە لە ناوچەی ئیلامەوە هاتوون، هاری ساکزیش دەڵێ: لە رۆژهەڵاتی بابلەوە هاتوون.( 9) لەگەڵ ئەمانەشدا لە کۆنفرانسێکى زانستیدا لە ساڵى 2000 ز لە بەغداد، سەبارەت بە کنە و پشکنینەکان و پاشماوە شوێنەوارییەکان هەڵسەنگاندنى ئەوکارانە ئەنجامدراوە، لە ئەنجامى ئەوکارەدا لەلایەن شارەزایانى ئەو بوارەوە ئەوە راگەیەندرا بە بەڵگەى راستى و زانستى سەلمێنرا نیشتمانى رەسەنى سۆمەر باکورى میسۆپۆتامیابووە.(10)

        وەک پێشتر ئاماژەى پێدرا هەموو ئەو بیروبۆچوونانە ئاماژەن بۆ سەلماندنى ئەو راستییەى کە سۆمەرییەکان پەیوەندییان بە دانیشتوانى کۆنى کوردستانەوە هەیە. ئیتر چى لەگەڵ گوندى چەرموو یان زاوى چەمى یان شانیدەر و هەزارمێرد لە چاخەکانى پێش مێژووەوە، چى لە رووى رەگەز و چى لە رووى شوێنى یەکەم و نیشتمانى رەسەنى سۆمەرەوە بێت.(11) بەتایبەتی لەگەڵ سوبارییەکان وەک توێژەر نعیم فرح دەڵێ: (یەکەمین گەلی باکوری میسۆپۆتامیا سوبارییەکانن و لەگەل سۆمەردا زۆر نزیکن و دەگەڕێنەوە بۆ سەر یەک رەگەز، لە بنچینەدا یەک کۆمەڵ بوون و دواتر بوونەتە دوو بەشەوە، سۆمەر بەرەو باشور رۆشتوون و سوباریش لە باکور نیشتەجێبوون).(12)

        هەروەها کێشەى کۆچى گەلان و جوڵەیان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکى تر، یان ئەو ئاڕاستەیەى کۆچەکەى لێوە دەکرێت و بۆى دەچێت جێی بایەخى توێژەران دەبێت. بۆیە هەموو ئەو توێژەرانەى باس لە کۆچى مرۆڤایەتى دەکەن باس لە ئاڕاستەى جووڵەى کۆچەکان دەکەن. یان باس لە تواندنەوەى بەفر و خۆشبوونى ئاووهەوا دەکەن. مەبەست لەمە ئەوەیە کە دواى ئەوەى شوێنەوارناسەکان چەندین شوێنەوارى گرنگ و سەرەتای ژیانى مرۆڤایەتییان لە باشورى کوردستان دۆزییەوە وەک شانیدەر و هەزار مێرد و پاڵى گەورە و زاوى چەمى و چەرموو لە چاخەکانى بەردینى کۆن و ناوەڕاست و نوێدا، کە مێژووى ئەمانە بۆ (100.000 – 6500 )پ. ز دەگەڕێتەوە، ئەمانە ئەوە دەسەلمێنن کۆمەڵێ مرۆڤى سەرەتایى لەم ناوچەیەدا ژیاون، یەکەم هەنگاو مرۆڤى ئەشکەوتى هەزارمێرد و شانیدەر بوون لە چاخى بەردینى کۆن. بە راوشکار و بەرى درەختەکان ژیاون سادە و ساکار بوون جگە لە چەند کەلوپەلێکى لە بەرد دروستکراو و بەکارهێنانى ئاگر و ئەشکەوت هیچى تریان نەبووە، بەڵام هەر ئەم مرۆڤانەن و نەوەکانیانن وردە وردە پێش دەکەون. بۆ نموونە دانیشتوانى شانیدەر لە چاخى بەردینى ناوەڕاستدا ئەشکەوت جێدەهێڵێن و دێنە کەنارى زێی گەورە و دەستدەکەن بە کشتوکاڵ و خانوو دروست دەکەن بە شێوەى کوخ و وەک سەرەتایەک بناغەى بەردیان بەکارهێناوە. رەنگە وەک شوێنى هاوینەش بەکارهاتبێت و لە زستاندا گەڕاونەتەوە ئەشکەوت، بەڵام پشکنینەکانى زاوى چەمى ئەوەى سەلماند ئەم مرۆڤانە لە گوندى بچوکدا ژیاون. کەواتە ئەمە هەنگاوێک لە ئەشکەوت دوورکەوتنەوە و بەرەو کەنارى رووبارەکان هاتوون دواى ئەوەى ئاووهەوا خۆش بووە، هەروەها پێدەچآ هەر ئەم مرۆڤانە لە چاخى بەردینى نوێدا بەرەو باشور و خۆرئاوا رۆشتون و بنکەى شارى بچوک بچووکیان دامەزراندوە وەک ئەوەى گردى حەلەف لە رۆژئاواى کوردستان و حەسونە و شمشارە و سامەرا لە باشورى کوردستان لە چاخى بەردینى کانزاى لە ماوەى ساڵانى (6500 – 3500 )پ.ز.(13)

        ئەمە لە لایەک لەلایەکى ترەوە دانیشتوانى ئەشکەوتى هەزار مێردى سلێمانى و باڵى گەورەى بازیان لە چاخى بەردینى کۆندا راستییەکە و لەلایەن شوێنەوارناسە بەناوبانگەکانى ئەمریکاوە ئیشى تێداکراوە وەک (دروسى گارودى و هاو ...) ئەوەى جێى سەرنجە پێدەچێت دواى خۆشبوونى ئاووهەوا ئەم دانیشتوانە بیریان لە گۆڕینى ژیانى سەرەتایی خۆیان کردۆتەوە و بەرەو کەنارى رووبارەکان هاتوون و ژیانى ئەشکەوتیان تێپەڕاندوە، لە نزیک رووبارى باسەڕە و شیوەسور خەریکى کشتوکاڵکردن و نیشتەجێبوون بوون. باشترین نموونە دانیشتوانى گوندى چەرمووە کە گوندێکیان لە بنارى چیا و کەنارى روبارى شیوەسور دروستکردووە کە (25) ماڵ بووە و 150 کەسى تێدا ژیاوە، پاشماوەى گۆزە و کەلوپەلى قوڕین وەک قاپ و قاچاخ و داس و تەور و کەرەسەى دورینەوە و گەنم و جۆ و پاقلە و ئێسکى ئاژەڵى ماڵیکراو دۆزراوەتەوە.(14) ئەمەش بۆ ماوەیەکى زۆر لە جیهانى زانستى شوێنەوارناسى و مرۆڤایەتیدا بە یەکەم گوندى کشتوکاڵى دادەنرا لە جیهاندا.

        دەکرێت بپرسین ئەم خەڵکە لە کوێوە هاتوون خۆ هەر لەو گوندە درووست نەبووە. خۆ دەبێت لە شوێنێکى نزیکى ئەو ناوچەیەوە هاتبن، بە بۆچوونى ئێمە ئەم دانیشتوانەى گوندى چەرموو هەمان مرۆڤەکانى هەزارمێرد و پاڵى گەورەن وردە وردە لە ئەشکەوت دورکەوتونەتەوە و لە کەنارى دەشتاییەکانى دۆڵى بازیان و ئەودیوى دەربەندبازیان نیشتەجێبوون و بە کشتووکاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریکبوون و دەستیانکردووە بە دروستکردنى خانوو وەک گوندى چەرموو، چاخى بەردنى نوآ بە تایبەتى لە ماوەى 6500 پ. ز تا 3500 پ. ز هەروەها دواى زیاتر خۆشبوونى ئاووهەواى ناوچەکە و زۆربوونى ژمارەى دانیشتوان و هاتنەکایەى خێزان و کار دابەشکردن و بیرۆکەى زەویدارى و پاوانخوازى واى لەمانە کرد زیاتر فراوان بن و بەرەو خواروتر برۆن، چونکە ئەکرێت ئەم قۆناغە بە سەرەتاى پەیدابوونى خێزان و خێڵ و خاوەندارێتى و سەرەتاى پەیکەر و هونەر و ئایین و خواوەندەکان دابنرێت وەک دۆزینەوەى پەیکەرى دایک وەک یەکەم خواوەند لە ناوچەکەدا. دیارە ئەم خێزانانەى چەرموو هەریەکە هەوڵیداوە زیاتر بەرهەمبهێنێن و زیاتر کشتوکاڵ بچێنن ئەوەش پێویستى بە زەوى زیاتر بووە. بۆیە جوڵان و گەڕان بەدواى زەوى باشتر و بە پیت تردا خواستى ئەو کۆمەڵەیە بووە، وردە وردە بەرە و پێدەشتەکانى کەرکوک و دۆڵى روبارەکاندا شۆڕبوونەتەوە، بە بەڵگەى ئەوەى کەنارى رووبارەکانى ناوچەى کەرکوک و دیالە مەڵبەندى شارستانییەتى کۆن بوون.

        لێرەوە دەمەوێت ئەوە بڵێم دەشێت ئەم کۆمەڵە مرۆڤانە لە هەزارەى (4 – 5) پ. زدا گەیشتوونەتە باشوور و باشورى رۆژ هەڵاتى میسۆپۆتامیا و تێیدا نیشتەجێبوون، چونکە زەوى فراوان و خاکى بە پیتیان لە بەردەستدا بووە، هەر لەوێدا دەستیانکردووە بە کێڵگە و شارى بچوک بچوک دواتر لە سەردەمێکدا گەشەى کردووە و بووە بە شارە دەوڵەت.

        لێرەدا خاڵێک جێی تێڕامانە، ئەویش ئەوەیە لە سەرجەم شوێنەوارى سۆمەریدا گوند نابینرێت، جگە لە شار و پەرستگا، ئەمەش بەڵگەى ئەوەیە کە ئەم خەڵکانە قۆناغى گوندیان تێپەراندووە لە گوندى چەرموو، هەروەها خاوەن پەیکەر و خواوەند بوون تەنها پێوستیان بە شوێنێک هەبووە ئەو پەیکەر و خواوەندانەى تێدا بپارێزن و پەرستنى تێدا بکەن. کەواتە ئەم خەڵکە بیرۆکەى شار و پەرستگا و هێز و دروستکردنى کۆمەڵە چەکدار و وردە وردە بوونە میرنشین و دەوڵەت، دواتریش ئیمپراتۆرییەتى سۆمەر لە یەکەم بنەماڵەوە تا بنەماڵەی ئورى سێیەم و کۆتایى دەسەڵاتى سۆمەر. بۆیە زۆر دوور نییە دانیشتوانى سۆمەر هەمان دانیشتوانى چەموو و هەزارمێرد بن. هەر بۆیە لەگەڵ سوبارییەکانیش هاوچاخ و هاورەگەز و هاونیشتمانن و لەو کۆمەڵە مرۆڤانەوە دروستبوون کە باسکران، ئەمەش وەک بەڵگەیەکى جوگرافى و ئاڕاستەى کۆچى سۆمەرییەکان کە لە کوردستانەوە بۆ باشور و ناوەڕاستى میسۆپۆتامیا چوون و نیشتەجێبوون و بناغەى شارستانییەتێکى پرشنگداریان دانا.

        وەک دەزانین لە کۆى بۆچوونەکانى هاتنى سۆمەر دوو بۆچوون گەڵاڵە دەبێت لەسەر رۆشتنى سۆمەر بۆ ئەو ناوچانە. یەکەم ئەوەیە بە رێگاى وشکانى بووە رەنگە ئەمەش پاڵپشت لە بۆچوونى ئێمە بکات کە لە ناوچە شاخاوییەکانى کوردستانەوە بەرەو پێدەشتەکان هاتوون، ئەمەش هەنگاو هەنگاو بووە نەک لە یەککاتدا، چونکە بە پێی قۆناغەکانى خۆشبوونى کەشوهەوا و سەردەمە جیاجیاکان بوون. بۆچوونى دووەم دەڵآ: رەنگە بە رێگاى ئاوى هاتبنە باشورى میسۆپۆتامیا کە ئەمەش بۆ خۆى دوو راستى تر دەسەلمێنآ: یەکەم رەنگە روبارى زێی بچووک و سیروانیان بەکارهێنابێت ئەگەر لە دیوى رۆژهەڵاتى کوردستانیشەوە کۆچیان کردبآ، ئەمەش هەر بە کوردستاندا رۆیشتون وەک سمۆئیل کریمە دەڵى: لە ئێرانەوە هاتوون، ناشکرێت گەلێک کە گەیشتۆتە ئەو شوێنە هەروا بە خێرایى تێپەڕ بووبن، چونکە ئەم گەلانە هەر چەند پێشکەوتویش بووبن ئاژەڵدار بوونە و پێوستیان بە لەوەڕ و پشوودان بووە لە کۆچەکانیان ، بۆیە هەر دەبێت هەر هەنگاو هەنگاو و قۆناغ بە قۆناغ گەیشتبنە زێدى سۆمەر، هەروەها ئەگەر بە رێگاى دەریایی هاتبن چى لە دەریاى هندى یان دەریای عەرەبى، ئەمەیان بۆ هەزارەى چوارەمى پ. ز جێی گومانە. کەواتە هەر لە کوردستانەوە هاتوون و تێپەڕیوون، هەروەها زۆرێک لە شوێنەوارناسان زاراوەى ناوچە شاخاوییەکانیان بەکارهێناوە وەک زێدى سۆمەر یان باکورى میسۆپۆتامیا کە ئەمانەش مەبەست لێی کوردستان بووە. لە هەمووی گرنگتر تاکو ئەمرۆ کۆنە گوندێک کە ئێستە بۆتە شاروچکە لە هەرێمی ئیلامدا ماوە بەناوی (سۆمار) کە دەتوانین بڵێین لەگەڵ سۆمەردا هەر یەکن. لە شاری دیواندەرەش گوندێکی تر هەیە بەناوی (کۆ سۆمەر).(15) بێگومان ئەمەش پەیوەندی بە سۆمەرییەکانەوە هەیە، وەک دەزانین لە زمانی سۆمەردا (کو) بە واتای چیا دێت ،(کوسۆمەر) واتە چیای سۆمەر یان ناوچەبەرزەکانی سۆمەر. بە بۆچوونی ئێمە ئەمەش پاڵپشت لەوە دەکات کە سۆمەرییەکان هەرخەڵکی کوردستانن.

        ئەوەی پێشتر و لێرەدا باسکرا تەنها وەک بەڵگەیەکى جوگرافى و ئاڕاستەى کۆچى سۆمەر بووە کە رەنگە وەڵامى پرسیارى سۆمەرییەکان لە کوێوە هاتوون درابێتەوە تەنها بەم بەڵگەیە.

        لایەنێکى تر کە هەر پەیوەندى جوگرافى و سنوورى سۆمەرەوەیە ئەوەیە کە ئەو ناوچانەى بنکە گرنگەکانى سۆمەریان لێدۆزراوەتەوە بەشێکى زۆریان لە سنوورى جوگرافى کوردستاندایە. لە پارێزگاى کوت و عەمارە و ناسریە و بەسرە و هاوشانی کوردستانی رۆژهەڵات. هەروەها دەتوانرێت ئەوە بسەلمێنین کە بەر لە ئەکەدى و ئاشوورى و بابل تەنها سۆمەرییەکان لەو ناوچەیە بوون جگە لە کۆمەڵێک کە بە فوراتییە سەرەتاییەکان ناسراون، واتە ناوەڕاست و باشوورى میسۆپۆتامیا نیشتمانى سۆمەرییەکانە بەر لەوەى نیشتمانى ئەکەد و ئاشور و بابل کلدان و ئارامى و عەرەب بێت. بە شێوەیەکى زانستى و پشتبەستوو بە سەرچاوە شوێنەوارناسەکان ئەوە راستکراوەتەوە کە چۆن هەریەک لە ئەکەد و ئاشور و بابل و نەتەوە سامى نەژادەکان هاتوون بۆ ئەم ناوچەیە. کۆچى ئەم گەلانە لە نیمچە دوورگەى عەرەبییەوە بەرەو رۆژ هەڵات و باکوور هاتوون. (ئەم سامى نەژادانە کە دەگەڕێنەوە سەر سامى کوڕى نوح لە دواى تۆفانەوە لە کوردستانەوە بەرەو باشور و رۆژئاوا چوون لە نیمچە دوورگەى عەرەبى نیشتەجێبوون، زانایان روودانى تۆفان بە رووداوێکى راستى دەزانن و تاها باقر بە بەڵگەى شوێنەوارناسى و ناوى تۆفانى لە چیرۆکى (گل گامیش) دا ساغکردۆتەوە، بەڵام لەسەر کاتى روودانەکەى سآ بۆچوون هەیە: هەندێک دەڵێن زۆر دوور نییە (4500 - 6000 )پ. ز و هــەندێک دەڵێن (6500 – 8000 ) ئەوى تر (80000 - 10000 ) ساڵ پ. ز دادەنرێت.) هەرچۆنیک بێت گەلانى سامى وەک ئەکەد و ئاشور و بابل لەو ماوانەدا لە دوورگەى عەرەبیدا ژیاون، بەڵام لە هەزارەى چوارەم و سێیەمى پ. ز دا بەهۆى چەند هۆرکارێکەوە هاتونەتە باشور و ناوەڕاستى میسۆپۆتامیا وەک:

1. لە هەزارەى چوارەمى پ. ز دا وشکەساڵى و قاتوقرى رویداوە و گەلانى سامى بەشەپۆلێک کۆچوڕەویان کردووە، چونکە ئەوان کۆمەڵگایەکى ئاژەڵدار بوون.

2. بەشێک لەو خەڵکە بە شێوەى شوانکارەیی و ئاژەڵدارى بە دواى لەوەڕگاوە هاتونەتە وڵاتى سۆمەر و وردە وردە نیشتەجێبوون و نەگەڕاونەتەوە.

3. هەندآ خێڵى سامى نەژاد وەک سەرباز و بەکرێگیراو لە دەوڵەتى سۆمەردا کاریانکردووە، یان لە پەرستگاکانى سۆمەردا بۆ نموونە سەرجۆنی ئەکەدى کە دامەزرێنەرى دەوڵەتى ئەکەدە وەک سەرباز و خزمەتکارێکى کۆشک کاریکردووە دواتر دەرفەتى بۆ رەخساوە توانى کودەتایەکى سەربازى ئەنجامبدات و ببێتە پاشاى وڵاتى سۆمەر و ئەکەد و بابل.

4. بە رێگاى بازرگانى ئەمەش بەڵگەى روون و ئاشکرایە کە دەوڵەمەندن و خاوەن سامانەکان لە دەوڵەتى سۆمەردا وەک چینی بازرگان کاریانکردووە و بناغەى پەیوەندییەکى پتەویان لەگەڵ دەوروبەدا هەبووە و سامییەکانیش بەشێکبوون لەو بازرگانانە و دواتریش نیشتەجێبوون و خۆیان لە وڵاتى سۆمەر چەسپاند، سەرەڕاى بوونى بنکەکانى ئایینى و شارستانییەت لە وڵاتى سۆمەر.(16)

        مەبەست لەم روونکردنەوەیە ئەوەیە بزانین کە سۆمەرییەکان خەڵکى رەسەنى ناوچەکەن و دواتر گەلانى سامى نەژاد هاتوونەتە وڵاتى سۆمەر و میسۆپۆتامیاوە، کەواتە ئاڕاستەى سامى نەژادەکان بەرەو باکور و خۆرهەڵاتى دوورگەى عەرەبى لە هەزارەى (4 -3 ) پ. ز دا ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە سۆمەر وڵاتێکى پێشکەوتووتر و ئاوەدانتر و شارستانییەت و ئاسایشتر بووە. هەر بۆیە زۆر توێژەر و شارەزایانى بوارى مێژووى دێرین خۆیان لەو راستییە لادەدەن و بایەخ و بەو کۆچە مێژووییانە نادەن و دەڵێن باشور و ناوەڕاستى میسۆپۆتامیا پەیوەندى بە کوردستانەوە نییە و سۆمەرییەکانیش دوورن لە ناوچە کوردییەکانەوە، لە کاتێکدا سۆمەر پێش سامى نەژادەکان هاتوونەتە ئەو ناوچەیە و لە هەموو نەتەوەکانى ترى ناوچەکە لە پێشترن و رەسەنترن. هەروەها هەڵەیەکی تری توێژەری کورد ئەوەیە باشور و ناوەراستی میسۆپۆتامیا بەخاکی عەرەب و سامییەکان دەزانن. ئەوەیان لەبیرکردووە کە عەرەب لەگەڵ پەیامی ئیسلامدا زیاتر بڵاوبوونەتەوە و گەیشتوونەتە ئەوناچانە. زۆربەی سەرچاوە ئیسلامییەکان باس لەوە دەکەن کە بەرلە پەیدابوونی ئایینی ئیسلام، عەرەب تەنها لە دورگەی عەرەبی بووە و هیچ پەیوەندی بە باشور و ناوەڕاستی میسۆپۆتامیاوە نەبووە، بەڵکو بەهۆی داگیرکاری و خۆسەپاندنی دەوڵەتی ئیسلامییەوە عەرەب هاتوونەتە ناوچەکە و هێدی هێدی و هەنگاو هەنگاو داگیریانکردووە و کوردستانیان کردووە بەچەندین هەرێمەوە و فەرمانڕەوای عەرەبیان لێداناوە. کەواتە دەوڵەتی ئیسلامی هاوکاری یەکەمی هاتنی عەرەبە بۆ کوردستان. هەروەک چۆن لە بیستەکانی سەدەی بیستدا چەندین خێڵی عەرەب وەک ئاژەڵدار و کۆچەر هاتبوونە ئەمدیوی شاخەکانی حەمرین و دواتر دەوڵەتی عەرەبی هاشمی بە زۆر و ستەم دروستکراو بووە هۆی نیشتەجێبوونی ئەو عارەبە ئاژەڵدارانە لە خاکی کوردستاندا بە ناوی پرۆژەی ئاودێری حەویجەوە لە ساڵی 1937ز، ئێستا ئەوان بە خاوەن ماڵ و کورد بە داگیرکەر و تێکدەر دادەنرێت. کەواتە میسۆپۆتامیا کوردستان بووە و بە عەرەبکراوە لە هاتنی ئیسلامەوە تا ئەمڕوش بەردەوامە.

        بەڵگەى دووەم ئەوە دەسەلمێنێت سۆمەر و سۆمەرییەکان لە کوردەوە نزیکن لە رووی شارستانییەت و مێژووەوە. لە بەڵگەى شارستانى و مێژووییدا هەموو ئەوانەى مێژووى لە دایکبوونى شارستانییەتى میسۆپۆتامیا دیارى دەکەن دەڵێن سەرەتاکانى بوونى دەگەڕێتەوە بۆ 5000 ساڵ پ. ز بە داهێنانى نووسین کۆتاى دێت و ئەو ماوەیەش بە دەرکەوتنى گوندى پێشکەوتوو شار ناسراوە. کە لە پێشترین شوێن و ناوچەدا وەک چەرموو و حسونە و سامەڕا و حەلەف و عوبێد و وەرکا ْ و پاشان جمدەنێر. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنآ ئەم ناوچەیە خاوەن پێشینەیەکى شارستانییەت بووە نەک وەک ئەوەى بەشێک لە زانایان دەڵێن سۆمەرییەکان لە ناوچەکانى ئەفغانستان و هندستان و بلوجستانەوە بە رێگاى دەریا هاتوونەتە میسۆپۆتامیا، بۆ ئەمەش تەنها بەڵگەیان لێکچونى شێوازى کڵێنەسازى (فخار)ی ئەو وڵاتانەیە لەگەڵ سۆمەردا کە ئمەش جێی گومانە، چونکە لێکچوونی گڵێنەسازی ناکرێتە بنەمایەکی یەکلاییکەرەوی رەگەز و شوێنی گەلێک، هەروەها پێدەچێ ئەم گۆزە و گلێنانەی سۆمەر لە بلوجستان و ئەفغانستان و هندستان بەهۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە بووبێت نەک سۆمەر خەڵکی ئەوێ بێت. کەواتە دەبێت سۆمەرییەکان هەر بەشێک بن لە گەشەپێدانى ئابوورى و کۆمەڵایەتى و شارستانییەتى گەلانی پێشووى خۆیان لە ناوچەکەدا، نەک لە ناکاو هاتبن و توانیێتیان داهێنانێکى گەورە لە دروستکردنى شار و پەرستگا و نووسین و یاسا ودەوڵەت و رامیاریدا بکەن. دروستکردنى کۆشک و پەرستگاى گەورە و پەیکەر و کەلوپەلى جەنگى و خانووبەرە کەرەستەکانیان لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەستکەوتووە، چۆن ئەمانە بەبآ بوونی پێشینەیەکى پەیوەندى و مێژوویی توانیویانە و ئەو کەلوپەلانەیان دەستبکەوێت.(17) هەر وەک چۆن شوێنەوارناسەکان باس لەوە دەکەن کە دۆڵ و بنارى چیاکانى میسۆپۆتامیای سەروو بە یەکێک لە مەڵبەندە گرنگەکانى پەیدابوون وگەشەسەندنى کەلتوورى و کشتوکاڵى و ئاژەڵدارى و داهێنانى گلێنەسازى رەنگاوڕەنگ دادەنێن و هەر لە وێشەوە بۆ ناوچەکانى خوواروى دووزآ (سۆمەر) و رۆژئاواى سوریا بڵاوبۆتەوە.

        پێشکەوتن و گەشەسەندنى کلتورى برۆنزى کە چەرخى بەکارهێنانى مس و تێکەڵکردنى بە کەرەستەى تر وایکرد جێگاى کلتورى ئێنیولیتى، واتە چەرخى پەیدابوونى یەکەم کەلوپەلى لە مس دروستکراو لە پاڵ ئامێرە بەردینەکاندا، پەیوەندى بە پێشکەوتنى ئابوورى و کۆمەڵایەتى خەڵکى ناوچەى میسۆپۆتامیاوە هەیە.

        هەموو ئەگەرەکان ئەوەمان پێدەڵێن یەکێک لە ئەنجامەکانى ئەم پرۆسەیە ئەوەبووە کە پیشەکارى لە کشتوکاڵى جیابووە بە تایبەتى پەیدابوونى پسپۆرى گۆزە و گڵێنە دروستکردن و پەیدابوونى ئاسنگەرى گەڕۆک وەک ئەوەى (چایڵد) دەڵآ زۆر گرنگە بۆ ئەم بابەتە.

        لێرەشەوە بارى سروشتى دۆڵ و بەشى خواروى بنارەکانى ناوچە شاخاوییەکانى میسۆپۆتامیاى سەروو لە رووى کشتوکاڵییەوە گەشەیسەند و داهێنانێکى گرنگیان ئەنجامدا کە کشتوکاڵى بەراو و باخچەکان بوون و کشتوکاڵ و ئاژەڵ بەخێوکردنیش هاوشێوە و هاوشان بوون کە بە زاراوەى (جوتیارە ئاژەڵبەخێوکەرەکان) بەکاردێت، نمونەى ئەمەی سەرەوە لە لاى چایلد دانیشتوانى حەسونەیە.(18)

        هەروەها دواتر لە کۆتایى هەزارەى چوارەمى پ. ز دا، واتە لە سەرەتاى ئەو چەرخەى کە لە نێوان دووزآ دا ، لە خوارووى دیجلە و فوراتدا ، یەکەمین کۆمەڵگاى چیندارە کۆیلەییەکان درووستبوون، ئەوکات دانیشتوانى ناوچە چیاییەکانى میسۆپۆتامیاى سەروو ناوچەکانى هاوسآ لە بانەکانى ئێران پلەى پێشکەوتنى کلتوریان لە خێڵەکانى بەشى خوارووى نێوان دووزآ بەرزتر بوو. کە هەندآ لەو نمونانەش هەریەک لە سوبارى و هۆرى و گوتى و لۆلۆى و کاشى ... هتد بوون. ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە پەیوەندییەکى توندوتۆڵ لە نێوان ئەمانە وەک خەڵکى رەسەنى ناوچەکە و سۆمەرییەکاندا هەبووە. هەر بۆیە (س. پ. تۆڵستۆف و پ. گروزنى و ى. م. دیاکۆنۆف) بە بایەخەوە لە ناوچە و زمان و پەیوەندى هۆرییەکان لە ناوچەکە دەڕوانن. هەروەها رۆڵى گۆتییەکان لە هى هۆرییەکان کەمتر نییە لە چارەنووسى مێژووى نێوان دووزآ دا، چونکە ئەمانە خەڵکى رەسەنى ناوچەکەن بە تایبەتى لە لایەن زمانەوە کە زمانەکەیان یەکێکە لە زمانە کۆنەکانى زاگرۆسە. هەروەها لۆلۆییەکان و کاشییەکان و ئیلامییەکان پەیوەندى پتەویان هەبووە لەگەڵ وڵاتى سۆمەر بە تایبەتى کاشییەکان لە رووى جوگرافییەوە کە ناوچەى لوڕستانی ئەمرۆ نیشتمانیان بووە و لوڕەکان خۆیان بە پاشماوەى کاشییەکان دەزانن.( 19) ئەو نەخشە شارستانییەتى و پەیوەندییە رەگەزى و ناوچەییە ئەوە دەردەخات لە ئەنجامى پەیدابوون و گەشەسەندنى کۆمەڵگاى چینی کویلەدارى و دامەزراندنى دەوڵەتى کۆیلەدارى بەهێزدا کە یەکەمجار لە خواروو لە نێوان دووزآ دا لە خوارووى رووبارى کارون و کەرخى دەرکەوت، دواتریش لە وڵاتی دوو رووبار، واتە ناوچەى میسۆپۆتامیاى سەروو کە کوردستانى ئەمرۆ دەکات ئەو نەخشەیە بەجارێک دەگۆڕآ.

        فیلێچڤسکى دەڵآ: بەلاى ئێمەوە گرنگ هەر ئەوە نییە کە کلتورى ئەم کۆمەڵگا کۆیلەدارانەى نێوان دووزآ و ناوچەکانى دەوروبەرى کارێکى یەکجار زۆرى کردەسەر میلەتانى ناوچەى میسۆپۆتامیا، بەڵکو ئەمەش گرنگە کە ئەم کلتورە خۆى بە جۆرێکى سەرەکى بە دەستى خەڵکى ناوچە چیاییەکانى میسۆپۆتامیاى سەروو یان ناوچەکانى رۆژئاواى بانى ئێران دروست بوو، لەسەر لاشەى ئەوان. واتە گەلانى دێرینى ئەو ناوچانە هەر لەم ناوچانەدا کۆمەڵگا کویلەدارەکان هەوڵیاندەدا دەستکەوتى مادى و هێزى کار، واتە کویلە پەیدا بکەن. بۆیە هەموو مێژووى ناوچەکە لە هەزارەى سێیەمى پ. ز بریتى بوو لە زنجیرەیەک هێرش و پەلامارى دەوڵەتى کویلەدارى لە بەردەم ئەو سامان و دەغڵ و دانى ئەم ناوچانەیان بۆ خۆیان دەبرد و خەڵکەکانیان دەکرد بە کۆیلە. راستە ئەمە لایەنى خراپیشى هەبووە، بەڵام لە رووى رەگەزی و شارستانییەوە گرنگى خۆى هەیە و بەشێکى زۆر لە کەلتوورى گەلانى ناوچەکەى روخاند و تێکەڵ بە خۆى کرد. ئەم لایەنەى کۆمەڵگاى کۆیلەدارى رێگەمان دەدات دەستنیشانى ئەم توخمانە بکەین کە دواتر بوون بە بناغەى دروستبوونى خەڵکی سەرەکى و نەتەوەی کورد.( 20) ئەمەش بەڵگەیەکى ترى ناڕاستەوخۆ بوو بۆ بوونی پەیوەندى گرنگى نێوان نەتەوەى کورد و سۆمەر. چوونکە بەو پێیە بێت سۆمەرییەکان پێکهێنەرى بەشێکى گەورەى نەتەوەى کورد و شارستانییەتى کوردستانن.

        بەڵگەیەکى تر لایەنى رەگەزییە وەک وتمان ئەوە خاڵێکى گرنگە کە سۆمەر ناچێتەوەسەر نەژادى سامییەکان و ئەگەر ئاریش نەبێت، ئەوا وەک گەلێکى رەسەنى ناوچەکەن و بەپێی شەپۆلى کۆچوڕەویان بێت لە کوردستانەوە رۆیشتون. کەواتە ئەمانیش وەک سوبارییەکان رەگەزێکى تایبەت بە خۆیان هەیە و سوبارییەکانیش بە گەلێکى دێرین کوردستان دەناسرێن و خاوەن شارستانییەتى تایبەت بە خۆیانن. کەواتە دەکرێت بە سەلماندن و پشکنینى ئێسک و پروسکیان کەلەسەرێکى کەسێکى سۆمەرى و کوردێک ئەو راستیە زیاتر بسەلمێنرێت و گومان لە نزیکایەتى کورد سۆمەرى نەمێنێت. وەک لایەنێکى تر لە تێروانینى پەیکەر و و وێنەى پاشاکانیان شتێکى ئەوتۆ ناتوانین بە دەستبهێنین، چونکە سۆمەر و ئەکەد و گۆتو ئەوانى تر تارادەیەک لە یەک دەچن.

        بەڵگەیەکى تر کە زۆر گرنگە زۆرێک لە توێژەران جەختى لەسەر دەکەنەوە نزیکایەتى سۆمەر و فەیلییەکانە کە ئەمەش لە دوو رێگاوەیە.

        یەکەم: فەیلییەکان خۆیان بە پاشماوە و نەوەى سۆمەرییەکان دادەنێن. ئەمەش رەنگە بەهۆى ئەوەوە بووبێت کە ناوچەى سۆمەر هەمان ناوچەى فەیلییەکانە و خێڵەکەیانیش بە درێژایى مێژوو لەو ناوچەیە ژیاون بە خەڵکێکى رەسەنى ئەو هەرێمە دەناسرێن تاکو ئەمڕۆش ماون.

        رێگاى دووەم: بە دۆزینەوە و لێکدانەوەى زمانەوانى ولێکچوونى سەدان وشەى سۆمەر لە وشەى فەیلیدا کە ئەمەش شتێکى زانستى و باوەڕپێکراوە، دوایى لە بەڵگەى زماندا لەسەرى دەدوێین.

        لە رووى رەگەزییەوە دەشآ لە کورد و ئارییەکانەوە نزیک بن، چونکە سۆمەرییەکان مەیلیان بەلاى گەلانى میسۆپۆتامیاى سەروە هەبووە، وەک لەوەى بەلاى سامییەکاندا.(21) سەیر لەوەدایە بەشێک لە نووسەرە عەرەبەکان دان بەوەدا دەنێن کە سۆمەرییەکان ناچنەوە سەر رەگەزى سامى، بەڵام خۆشیان لەو بۆچوونە دووردەخەنەوە کە دەڵآ سۆمەرییەکان لە ئارى نەژادەوە نزیکن. بۆ نمونە تەها باقر دەڵآ: رەگەز (عرق - Race )ى سۆمەرییەکان سەر بە رەگەزێکى سپین لە جۆرێک لە جۆرەکانى رەگەزى ناوچەى دەریاى ناوەڕاست. هەروەها دۆزینەوەى پەیکەرە ئێسکى مرۆڤ لە هەزارەى پێنجەمى پ. ز دا هاوکارى رەگەزناسەکان نییە لە دۆزیینەوەى رەگەزى سۆمەر، بەڵام جۆرى پەیکەرى پیاوان و کەسەکانیان کە بە جلوبەرگ و ریش و کڵا و هەندآ تایبەتمەندى تر، رەنگە چەند خاڵێکى هاوبەش بدۆزرێتەوە سەبارەت بە رەگەزى سۆمەر، بەڵام بەهۆى تێکەڵبوونى گەڵانى میسۆپۆتامیا ئەمکارەش قورس بووە.(22) ئەم بۆچوونەى باقر سەبارەت بە دیاریکردنى رەگەزى سپى بۆ سۆمەرییەکان خۆ دوورخستنەوەیە لەو راستییەى کە مرۆڤى دێرینى کوردستانیش بەشێکیان ئارى نین و بە قەوقاسى و ئاسیایی ناودەبرێت، بەڵام بە دانیشتوانى رەسەنى کوردستانیش دادەنرێن. کەواتە ئەم خاڵانەى سەرەوە نزیکایەتى نێوان سۆمەر و سوبارتو و گوتى و لۆلۆ زیاتر دەردەخات، چونکە خۆ مەرج نییە هەموو گەلانى دێرینى کوردستان ئارى بووبن، بەڵکو شەپۆلى یەکەمى دانیشتوانى دێرینى کوردستانن و بەشێکن لە دروستکەرانی نەتەوەی کورد.

        بەڵگەى زمان و زمانەوانى:

        یەکێک لە لایەنە هەرە گرنگەکانى دۆزیینەوەى پەیوەندى سۆمەر بە گەلانى دێرینى کوردستان و کوردەوە، لایەنى زمانەوانیە لەم روانگەیەوە چەندین توێژینەوە دەریخستوە زمانى سۆمەر و زمانى کوردى و چەند شێوەزارێکى کورد پەیوەندییەکى پتەویان هەیە.    رەنگە هەندآ کەس لێرەدا بڵێین ناکرێت لێکچوونى هەندآ زاراوە بکرێتە پێوەرى نزیکایەتى و یەکبوونى دوو زمان و نەتەوە. بەلاى ئێمەوە زمان بە یەکێک لە بنەماکانى دروستبوونى نەتەوەیەک دادەنرێت. کاتێ مێژووی زمانى کوردی شیدەکەینەوە. دەمانەوآ رەگ و ریشەکەى دیارى بکەین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ هەزارەى سێیەم و دووەم و یەکەمى پ. ز، چونکە پایەى یەکەمى زمانى کوردى لە لایەن گەلانی رەسەنى دێرینى کوردستانەوە دانراوە وەک سۆبارى گۆتى و هۆرى و کاشى و لۆلۆ، تەنانەت سۆمەریش.

        لە هەزارەى یەکەمیشدا میدییەکان و ئۆرارتوو و ئاڤێستاى زەردەشتى پایەى دووەمى زمانى کوردییە. لە دواتریش لە دواى درووستبوونى نەتەوەى کوردەوە لەسەر دەستى میدییەکان کە لە سەردەمى ئەشکانی و ساسانیدا بە شێوەیەکى فەرمى ناوى کورد هاتووە، بەڵگەى چەسپاندنى زمان و نەتەوەیەکى گەورەى وەک کوردە، کەواتە لێرە ناکرێت هیچ گەل و نەتەوەیەکى سەر خاکى کوردستان بێبەش بکرێت لە دروستبوونى نەتەوەى کورد و زمانەکەى. ئێمە لێرەدا هەوڵ دەدەین هەندآ لایەنى زمان و زاراوەى سۆمەرى و کوردى بەراورد بکەین. لە سەرچاوە سۆمەرییەکاندا وشەى (کو) بەواتاى چیا هاتووە لاى کوردیش (کو) بەکاردێت بۆ هەمان مەبەست بەتایبەتى لاى کوردانى فەیلى و لوڕ، بۆ نموونە (پشتکو) چیاى پشت کو. هەروەها وشەى (هورمز) کە بۆ ناوی کەس بەکارهاتوە لە وشەی (هورمیس)ى خواوەندى سۆمەرییەوە وەرگیراوە و دواتریش لاى گەلانى میدیا کراوە بە (هورامیزدا) کە بە ماناى خواوەند دێت. هەروەها وشەى (پیرکشسف) واتە خاوەن ئەسپ یان سوارەى سەرلووتکە دەگەیەنآ لێرە وشەى (پیر) لاى ئەهلى حەق ولاى شوێنکەوتوانى زەردەشت و هەندآ خەڵکى ترى کوردستان ماناى پیرۆز و دانا دەگەیەنى وەک (پیر شارلیارى زەردەشتى) و هەورامییەکان. لە هەمانکاتدا وشەى پیر لاى سۆمەر لە ناوە پیرۆزەکانە وەک (پیر خورتورى) سۆمەرییەکان و (بیرام و بهرام)ى کاشییەکان و (پیر مشاتى) ئورارتووەکان.(23)

        هەروەها ئەگەر بمانەوێت وشەى زیاتر بەراورد بکەین زیاتر بابەتەکە روونتر دەبێتەوە بۆ نموونە وشەى ( kar ) کار (ئیش گار =ئیش وکار) بەماناى جموجۆڵى بازرگانى و ئیشوکار دێت لە زمانى سۆمەردا و بە هەمان مانا لە زمانى کوردیشدا بەکاردێت.(24) هەروەها (می – ئێمە – کچ) (کەل = کەل بڵند) (بادی =بادە)( لو=لاو) (هورو=رۆژ) .(25)

        ئەمانە ئەو چەندین زاراوەى تر دەمانگەیەنێتە ئەو باوەڕەى کە زمانى سۆمەرى و زمانى کوردى و بەتایبەتیش شێوەزارى کرمانجى باشور وەک لوڕ و کەلهوڕ و مامەسەنى و بەختیارى و کوردى فەیلى پەیوەندییەکى مێژووى ریشەیان پێکەوە هەیە و تەنانەت دەتوانین بڵێین زمان و جوگرافیا بە تەواوەتى لەلاى فەیلییەکان و سۆمەرییەکان ئاوێتەن و ناتوانرێت فەیلییەکان لە سۆمەرییەکان جودا بکرێنەوە.(26)

●●●

 

*) مامۆستای یاریدەدەر لە زانکۆی سلێمانی، پسپۆڕ لە بواری مێژووی دێرینی کوردستان، بڕیاردەری بەشى زانستە کۆمەڵایەتییەکان.

fatihabdullah985@gmail.com - fatih.mohamed@univsul.edu.iq

 

        سەرچاوە و پەراوێزەکان:

1. جورج رو: العراق القديم، ترجمة حسين علوان، ط2، بغداد، 1986.ص 223 - 224 - وليد محمد الشبيبي : السومريون من هم ومن أين جاؤوا ؟ - بغداد 1993 - http://en.wikipedia.org/wiki/Sumer سومر في موقع ويكيبيديا.

2. عبدالخالد سابير: سؤمةرييةكان، سليَماني، 2009، ل27- هورمزي بيطلةري: ضيانيشيناني زاطرؤس، و: حمةي حمة سعيد، ض2، سليَماني، 2004.ل37.

3. جورج رو: العراق القديم، ترجمة حسين علوان، ط2، بغداد، 1986.ص 223 - 224

4. جانكلود ماركرون: علم اثار بلاد الرافيدين، تر: يوسف حجي، بغداد، 1986، ص38.

5. طلعت الشيمانى: دساتير الحكم فى العراق القديم, مجلة قظاء العدد الاول, شباط, 1957, السنة الخامسة عشرة, مطبعة العانى, بغداد, ص21 .

6. كريمر صمويل: من الواح سومر, تر, طه باقر, قاهرة, 1957 , ص 9.

7. فاتح عبدالله محمد: العلاقات السياسية و العسكرية بين الاشوريين و الميديين، رسالة ماجستير، غير منشورة، جامعة السليمانية، 2008،ص266.

8. عبدالخالد سابير: سؤمةريكان،سليَماني،2009،ل27.

9. ول ديورانت: الوجيز في قصة الحضارة، اجزه، غازي مختار طليمات، ج1، ط2، دمشق، 1995.ص 93.

10. طه باقر: مقدمة في تأريخ الحضارات القديمة الوجيز في تاريخ حضارات وادي الرافدين، ج1، ط1، بغداد، ،1973ص90.

11. ظيليضيَظسكي:نةذادي كورد رةوتي ميَذووي دروست بووني ميلةتي كورد،وة، رةشاد ميران ،ض2،هةوليَر،2000, ل32 – 33.

12. نعيم فرح : معالم حضارات العالم القديم ،دارالفكر، ص 198-حمزة احمد :اكراد ودورهم في حضارة الجزيرة

13. طه باقر : عصور ماقبل تأريخ في وادي الرافدين، على ضوء التنقيبات الأثرية في كوردستان العراق، قسم الثاني .طؤظارى كؤرى زانياري كورد،بةرطى دوةم 1974 ص 618.

.14Linda.s.- braidmood : Aprelimin ary notes on the Jarmo flint and obsipinn in dustry ,Sumar,(V 7),part 2,1951.P105 -107.

15. حةكيم مةلا سالةح: سانسكريتي سةرضاوةيةكي ديَريني زماني كوردي,سليَماني ,2008,ل7.

16. احمد سوسة: حضارة وادي الرافدين بين الساميين والسومريين،.ج2، بغداد، 1980, ص 163.

17. ظيليضيَظسكي:نةذادي كورد،س.ث, ل32.

18. هةمان سةرضاوة،ل33 .

19. ه. س, ل33 – 36.

20. ظيليضيَظسكي: نةذادي كورد،س.ث, ل 39- 41 -هورمزي بيطلةري: ضيانيشيناني زاطررؤس، وة، حمةي حمة سعيد، ض2، سليَماني، 2004.ل 42.

21. ئةحمةد مةحمود: مةملةكةتي ماد،وة، حةمةسعيد كةلاري،هةولير،2013, ل 22.

22. طه باقر، وآخرون: تأريخ العراق القديم، ج1،2، جامعة صلاح الدين،1987،ص 58 – 59.

23. جورج رو : العراق القديم، ترجمة حسين علوان، ط2، بغداد، 1986.ص 223 - 224- اتحاد

24. هورمزي بيطلةري: س.ث , ل 46- 47 - طه باقر، وآخرون: تأريخ العراق القديم، ج1،ص 114

25. عبدالخالد سابير: سؤمةرييةكان ،ل45.

26. حول العلاقة بين السومرين والكورد الفيلين والحقائق ،الاتحاد،،سنة العاشرة، العدد 455،11/1/2002،ص15. 


Comments