سروشت و پەروەردە و بەها لیبڕاڵییەکان

posted Jun 11, 2016, 11:44 AM by Adil Mohammed Noori

      ڕۆجەر سکروتن فەیلەسوفێکی جوانناسی گەورەی بەریتانیە لە ساڵی ١٩٤٤ لە دایک بووە، زیاتر لە سی کتێبی لەسەر جوانناسی نوسیوە و هەروەها چەندین ڕۆمان و کتێبی فەلسەفی و کەلتوری هەیە، جگە لە نوسینی دوو ئۆپێراش. سکروتن چەندین ساڵ مامۆستای زانکۆکانی بەریتانیا بووە و خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە فەلسەفەدا لە زانکۆی کامبریج لەساڵی ١٩٧٢ وە. لە ئێستادا سکروتن بەیەکێک لە گرنگترین فەیلەسوفانی بەریتانیا و جیهان دادەنرێت و کتێبەکانی زۆرترین جەدەلیان لە ناوەندە ئەکادیمیەکاندا دروستکردووە. ئەم نوسینەی لە ساڵی ٢٠١٢ بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا بە زمانێکی فەلسەفی ورد ڕەخنە لە دەرونناسانی پێشخۆیی و سەردەمی خۆی دەگرێت سەبارەت بە ڕۆڵی پەروەردە لە دروستکردنی کەسایەتی مرۆڤ و هەروەها پێشکەوتنەکانی زانستی جینات و ڕۆڵیان لە تێگەیشتن لەسەر لایەنی کەلتوری مرۆڤ و دروستکردنی بەهاکان لای تاک.

(وەرگێڕ)

        مرۆڤەکان جیاوازن و بە شێوازی جیاواز دەژین، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئێمە بە شێوەیەکی سروشتی جیاوازین و ڕێگەی پەرەسەندنەکانمان جیاوازە؟ یان ئایا دەتوانین بڵێین میراتی بایۆلۆجی هاوبەشمان هەیە و بەڵام بەڕێگەی جیاواز بەپێی ئەو کەلتور و ژینگەیەی تیایدا ژیاوین گەشەمان کردووە؟ لەم ساڵانەی دوایدا توێژینەوە زانستیەکان ئەم گفتوگۆیەیان سەبارەت بە سروشت و پەروەردە جارێکی تر ‌هێناوەتەوەئارا، چونکە هێشتا هەر گرنگە بۆ تیگەیشتنمان لە سروشتی مرۆڤ و ڕەوشتی. 

        زانا کۆمەڵایەتیەکانی سەدەی بیستەم پێیانوابوو ژیانی مرۆڤ تەنها دیاردەیەکی بایۆلۆجیيە کە بە کەناڵەکانی کەلتوردا دەڕوات بۆ ئەوەی بەجیا گەشەبکات و هەروەها لەوەدا هاوبەشە کە توانای وەرگرتنی شێوەی تری نییە. هەر کۆمەڵگەیەک کەلتوری خۆی دەگوازێتەوە و پێی دەناسرێتەوە و زۆر لە خەسڵەتە کەلتوریەکانیش لەڕێی زمانەوە دەگوازرێنەوە. هەروەها گرنگترین بوارەکانی کەلتوور بریتییە لە ئایین و سروتەکانی قۆناغی گواستنەوەی تەمەن و یاسا، ئەم بوارە کەلتوریانەش ئەو خەڵکانە یەکدەخەن کە پابەندن پێیانەوە و ئەو خەڵکانەش لەخەڵکانی تر جیادەکەنەوە. ئەمەش لەلایەن جۆن توبی و لیدا کۆسمایدەوە خراونەتەڕوو و ناونراون "مۆدێلی زانستی کۆمەڵایەتی ستاندارد" و لەلایەن فرانز بۆسەوە کراون بە پرنسیپێکی بنەڕەتی بۆ ئەنثرۆپۆلۆجیا و لەلایەن ئیمیلی دۆرکایمیشەوە بە سۆسیۆلۆجی.

        بەم دواییانە ئەو دەرونناسانەی باوەڕیان بە پەرەسەندن هەیە ڕەخنەیان لەم شێوازە گرتووە و دەڵێن  هەرچەندە دەتوانن کەلتوری خێڵ وەک بوونێکی بۆماوەیی ڕونبکەنەوە، بەڵام ئەمە ناتوانێت ئەوە ڕوونبکاتەوە کە کەلتور یەکەمجار چۆن دروستبووە. کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە: ئەوە چییە کە سەقامگیری و فرمان دەدات بە کەلتوور؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەو بۆچونە هاتە ئاراوە کە کەلتوور دواجار ڕونکردنەوە بە هەر خەسڵەتێکی گرنگی مرۆیی نادات، تەنانەت خەسڵەتی جیاوازی کەلتووریش. ئەمەش بەو واتایە نایەت کە نەگۆڕاوی تایبەت لەناو کەلتوورەکاندا هەیە،  وەک رۆڵی جێندەر و پەیوەندی تابۆیی سێکسی نێوان خێزان و فیستیڤاڵەکان و جەنگەکان و باوەڕە ئایینییەکان و ئیعتیبارە ئەخلاقییەکان و حەزە هونەرییەکان، چونکە کەلتووریش بەشێکە لە سروشتی مرۆڤ و ڕێگەی بوونمانە. ئێمە لەناو ڕان و گەلە گیانداراندا ناژین. هەرەمە کۆمەڵایەتیەکانمان تەنها لەسەر بەهێزی و دەسەڵاتی سێکسی بنیاد نەنراون. ئێمە لە ڕێی زمان و ڕەوشت و یاساوە بەیەکەوە بەستراوینەتەوە. هەڵپەڕین و گۆرانی و نوێژەکانمان بەیەکەوەیە و ئەو کاتەی لە فیستڤاڵ و گێڕانەوەی چیرۆک و خۆشیەکاندا بەسەردەبەین زیاترە لەکاتی هەوڵدانمان بۆ خواردن.  هەرەمە کۆمەڵایەتییەکانمان،  کارەکان و بەرپرسیارێتی و دیاری بەخشینەکان و پێزانینە بۆنەییەکانمان لەخۆدەگرێت. ژەمەکانی خواردنمان پێکەوە دەخۆین و خواردنەکان تەنها بۆ برسێتی شکاندن نییە، بەڵکو دەرفەتێکیشە بۆ میواندارێتی و خۆشەویستی و خۆدەرخستن. هەموو ئەمانە لە بیرۆکەی کەلتوردا مانای هەیە و کەلتوریش تەنها لە کۆمەڵگا مرۆڤایەتیەکاندا بینراوە، بەڵام ئەمە بۆچی تەنها لە کۆمەڵگە مرۆڤایەتیەکاندا هەیە؟

        وەڵامی ئەو دەرونناسانەی باوەڕیان بە پەرەسەندن هەیە ئەوەیە، کە کەلتوور  خۆگونجاندنە، لەبەرئەوەی سودی زۆری داوە بە مرۆڤی سەردەمی راووشکار، لەبەر ئەوە کەکتوور بوونی هەیە بەپێی ئەم بۆچوونە، زۆر لە خووە جیاوازەکان کە مۆدێلی زانستی کۆمەڵایەتی ستاندارد بە هی پەروەردەی دەزانێت، جیاوازی ئەو خەسڵەتانەن لە هەزاران ساڵ لەمەوبەرەوە، لە سەردەمی چاخی سەهۆڵبەندانەوە واتە(کلایستەسینەوە)،  ئێستاش (وەک خۆگونجاندنە پەرەسەندنییەکانی تر) لکێندراوە بە مێشکەوە. بەڵام ئەگەر ئەمە وابێت، ئەوا خەسڵەتە کەلتوریەکان وەک ئەوەی زانا کۆمەڵایەتیەکان ئاماژەی پێدەدەن دروستکراو نین. ئەو خەسڵەتانە تایبەتن بە مرۆڤ ، وەک رۆڵە جێندەریەکان، کە خەڵک پێیوابووە کەلتوریە و لێرەشەوە نەگۆڕە، بەڵام کەلتور بواریکی سروشتە و بەمانای گۆڕان نایەت. ڕەنگە ئەو خەسڵەتە مشتومڕاویانەی کەلتوری مرۆڤ بەشێک بن لە سروشتی جیینی مرۆڤ.        ئەمجۆرە بیرکردنەوە نوێیە لە بیردۆزەی پەرەسەندنی ئەخلاقییەوە پاڵپشتی کرا. بەرگریکارانی پەروەردە پێیانوایە ئەخلاقیات خەسڵەتێکە بەدەستدەهێنرێت و لەڕێی خوو یاسا و سزایانەوە دەگوێزرێتەوە وکۆمەڵگە  پیادەی دەکات بەسەر ئەندامەکانیدا. بەڵام لەگەڵ گەشەی زانستی جینات، دیدی تازە هاتەئاراوە. "خۆنەویستی" وەک ستراتیژێکی جینی سەیردەکرێت کە سودی زۆر دەدات بەو جینانەی کە بەرهەمیدەهێنێت. لە کێبەرکێ بۆ ئەو سەرچاوە کەمانەی کە هەن لە ژیانی مرۆڤدا، ئەوانەی لە ڕووی جینیەوە خۆنەویستن دەتوانن ئەوانی تر بۆ یارمەتی خۆیان بانگکەن لەڕێی تۆڕێک لە هاوکاری کە لەوانەی لەڕووی جینیەوە خۆویستن وەریدەگرێت و لێرەشەوە ئەوانەی خۆویستن لە یاریەکە دەکرێنە دەرەوە. 

        بۆیە ئەگەر وابێت، ئەوا ئەخلاقیات شتێک نییە بەدەستبهێنرێت بەڵکو خەسڵەتێکی بۆماوەییە. هەر بونەوەرێکی کێبەرکێکار کە نەیتوانیوە گەشە بە هەستە ئەخلاقییە زگماکیەکان بدات، ئەوا لەناودەچێت و تا ئێستا نەماوەتەوە. ئەوەشی بۆ ئەخلاقیات ڕاستە ڕەنگە بۆ زۆر لە خەسڵەتەکانی تری مرۆڤ ڕاست بێت کە پێشتر دەلکێنرا بە پەروەردەوە، وەک زمان و هونەر و میوزیک و ئایین و جەنگ و ئەو گۆڕاوە خۆماڵیانەی کە کەمتر لە بونیادی هاوبەشیاندا گرنگن. من ناڵێم ئەم دیدەی ئەخلاقیات ڕاستە، هەرچەندە لەلایەن چەندین بیرمەندی جیاوازەوە بەرگریلێکراوە، هەر لە جۆن ماینارد سیمسی بایۆلۆجییستەوە تا دەگاتە زانای سیاسی ڕۆبێرت ئاکسیلۆرد و ریچارد دۆکینس و مات رایدلی بەناوبانگ. بەڵام هەتا ئەگەر ئەخلاقیات بەشێکیشی خەسڵەتی وەرگیراو بێت کە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی ترو لەکاتێکەوە بۆ کاتێکی تر جیاواز بێت، ئەوا هێشتا پشتدەبەستێت بە بنەما زگماکیەکان کە سروشتە گشتییە سەرەکیەیەکە بەڕێوەدەبات.

        زمانناسییە گریمانەییەکەی نۆئام چۆمسکی لەم  گفتوگۆیەدا بەشێوەیەکی بەرچاو گرنگە، لەبەرئەوەی زمان لە هەموو ڕوویەکەوە ڕیشەی کەلتوورە، حاڵەتێکی نمونەیی چالاکی کۆمەڵایەتییە کە سەرتاپا پەیوەندیەکان و توانایی و مەعریفە و جیهانی ئەوانەی کە خۆیان پێوە خەریک کردووە دەگۆڕێت. بەڵام  ڕەنگە لێکدانەوەیەک بۆ زمان نەبێت کە تەنها وەک خەسڵەتێکی گواستراوە کە هیچ ڕیشەیەکی لە بایلۆجیدا نییە سەیربکرێت. زمانفێربوونی خێرا لای منداڵ، لەسەرتاسەری جیهاندا، هەروەها بێ ئەوەی منداڵان زانیاری لە دەوروبەرەوە بەدەستبهێنن، پێماندەڵێت کە ڕێزمانێکی گەردوونی زگماگی هەیە و لێوەی هەر منداڵێک  ئەو وشە و دەستەواژە پەرتانەی  بەرگوێی دەکەوێت، بەیەکەوە دەبەستێتەوە بۆ ئەوەی وتەی زیرەکانەی خۆی بڵێت و بەرهەمبێنێت. ئەوەی ستیڤن پینکەر ناوی ناوە "غەریزەی زمان"  لەڕێی پەرەسەندنەوە دەچێنرێت  کە توانستی مێشکی دەدات بەهەرمناڵێک و لەنێوهەموو ڕەگەزی مرۆڤدا هاوبەشە.

        بۆیە ئەگەر شووێن ئەو بایۆلۆجیستانە بکەوین کە باوەڕیان بە پەرەسەندنە، ئەوا ئەوخەسڵەتانەی زۆرجار بە کەلتورەوە دەبەسترێنەوە و بەشێکن لە پاشماوە جینیەکانمان قبوڵدەکەین، بەڵام کەلتور وەک  شتێکی گۆڕاو نابینین، وەک جیاوازییە جێندەریەکان و زیرەکی و ناحەزی و تادوایی،  لەڕێی هەموو ئەوخەسڵەتانەی خەڵک بەهەر هۆکارێک بێت هیوای بۆ دەخوازێت وەک بژاردەیەک دروستیبکاتەوە. بەڵام ڕامانی  ئازادانە لەم مەسەلانە مەترسیدارە. یوجینیکس، کە زانستی باشترکردنی نەوەیە،  هێند لەلایەن نازیەکانەوە زیانیپێگەیەنرا کە ئێستا کەس ناچێتە ناویەوە و لێکۆڵینەوە ناکات لەسەری. بایۆلۆجیستی بەناوبانگ جەیمس واتسۆن، کە یەکێکە لە دۆزەرەوەکانی بونیادی حەلەزۆنی دی ئێن ئەی، لەساڵی ٢٠٠٧ دالە ئەکادیمیا کرایە دەرەوە لەبەرئەوەی بەشێوەیەکی ئاشکرا وتی ئەفریقیەکانی باشوری بیابانی گەورە لەرووی جینیەوە لە ڕۆژئاواییەکان ئای کیویان (ئاستی زیرەکیان) کەمترە، هەروەها لاری سەمەری ئابوریناسیش هەمان چارەنوسی پێبڕا کە بانگەشەی ئەوەی کرد مێشکی ژنان لەبەشی سەرەوەی لەهی پیاوان کەمترە بۆ خوێندنی زانستە کان. لە ئەمریکادا بەشێوەیەکی بەربڵاو وا باوە کە جیاوازییە بەرچاوەکانی گروپە نەژادیی و جیاوازییە سێکسییەکان دەرئەنجامی فاکتەرە کۆمەڵایەتیەکانن، بەتایبەتی "جیاکاریەکان" لەدژی ئەو گروپانەی دەرناکەون. ئەم گریمانەیە دەرئەنجامی زانستی کۆمەڵایەتی ژیرانە نییە بەڵکو بنەمای دنیابینیەکی ڕەشبینانەیە بۆ هەڕەشەکردن لەسەرجەم ئە کۆمەڵگایەی کە لەسەری بنیاتنراوە.

        بۆیە خۆمان لەناو گفتوگۆیەکی توندی نائایینیدا دەبینینەوە لەسەر بەها لیبڕاڵییەکان، کە وادەردەکەوێت لەلایەن بیردۆزەی پەرەسەندنەوە گرفتی بۆ دروستکرابێت.  لەبەر ڕۆشنایی ئەم پاشخانەدا جێسی پرینزی فەیلەسوف دێتە ناو گفتوگۆکەوە بە کتێبێکی گەورە و دەڵێت " کەم هۆکار هەیە بیربکەینەوە لەوەی بایۆلۆجی کاریگەری سەرەکی هەیە لە لێکدانەوەی جیاوازیەکانی مرۆڤ". بەشێوەیەکی لەسەرخۆ لە ئارگومێنتەکان دەکۆڵیتەوە کە خەسڵەتێک لە خەسڵەتەکان دەدەن بە جیناتی بۆماوەیی و هەوڵدەدات ئەوە بخاتە ڕوو کە یان توێژینەوەکە لەڕووی میتۆدیەوە هەڵەیە، یان دەرئەنجامەکان لەلایەن توێژینەوەکەوە پاڵپشتی ناکرێن. کە دەڵێم بەشێوەیەکی لەسەرخۆ کاتێک دێتە سەر ئای کیو و جیاوازیە سێکسیەکان، ئەوا پرینز بەشێوەیەکی ڕاڤەیانە ئەوانەی حەزیان بە چارلس میورەی و ریچارد هێرنستەین و لاری سەمەرسە وەلادەخات کە لەلایەن زۆرینەی لیبرالەکانەوە پەیڕەوناکرێن. 

        پرینز پێیوایە کە هێزی مەعریفیمان تەنها بە ئەزموونی کارکردن هۆشیاردەبێتەوە. منداڵانی ساوا فێردەبن جیهان بۆ بەشەکان جیابکەنەوە لەڕێی هەڵهێنجان لە هەست و بیستن و بینینیانەوە. پۆڵێنە زگماکیەکان بوونی نیە و ئەو ڕۆڵ و پەیوەندیەی کە بەمانا و پێوەرێک لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە دروستبوبێت، بوونی نیە. پرینز هێرشدەکاتە سەر بانگەشەکەی چۆمسکی کە دەڵێت ڕێزمانێکی گەردونی هەیە و هەروەها ئەو بیردۆزەی کە جێری فۆدۆر و ئەوانی تر هەیانە سەبارەت  بەوەی کە پرۆسەکانی مێشک لە "زمانێکی فیکری" هاوبەشدا ئەنجامدەدرێن. بیرکردنەوەی بێدەنگ لای پرینز بەکار‌هێنانی ئەو شێوانە دەگرێتەوە کە سەرچاوەکانیان ئەزمونی تاکەکەسییە، ئەمە لەکاتێکدا زمان لەڕێی شیکاریی ئاماریی عەفەویەوە بەخێرایی فێردەبین کە لێوەی منداڵ یاساکانی ڕێزمان بەدەستدەهێنێت. بۆیە پرینز دەگەڕێتەوە بۆ ‌گریمانەکانی سپایەر و هۆرف، کە بە پێی ئەوە،  بونیادی زمانی کەسێک،  سروشتی جیهانی ئەو کەسە دیاریدەکات. ئەو دەنوسێت زمان داهێنانێکە نەک غەریزە... ئەگەر زمان فێرمان بکات ئێمە کێین، ئەوا وانەکە ئەوەیە ئێمە بە شێوەیەکی بنەڕەتی ئامادەین بۆ گۆڕان. پرینز بەردەوام دەبێت و دەڵێت جیاوازی جێندەری،  تاڕادەیەکی زۆر،  بەدەستدەهێنرێت و جیاوازی نێوان تاکایەتی و کۆمەڵی بوون مەسەلەیەکی کەلتوریە نەک بایۆلۆجی، هەروەها هەستەکان لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە دروستدەبن لە ڕێی ماددەی خامەوە کە زگماکین تەنها لەبەرئەوەی سەر بە پرۆسەکانی جەستە و کاردانەوەکانی هەستن.

        هەموو ئەمانە بەشێوەیەکی بوێرانە و پاڵپشتیکەرانە لەلایەن ئەدەبیاتی سایکۆلۆجیای نوێوە باسکراوە، بەڵام هەستدەکەم کورتیهێناوە لە پێکانی ئامانجەکەیدا. لە کتێبی  (بەرنامەی خاڵیدا) کە ساڵی ٢٠٠٢ ستیڤن پینکەر نوسیویەتی، ستیڤن  لە دەرئەنجامەکاندا چەندین بەڵگەی کۆکردووەتەوە و پێمان دەڵێت کە  توانای بنەڕەتیمان لەڕێی پەرەسەندنەوە دروستدەبێت و تەنها لەو مەسەلانەدا دروستدەبێت کە کاریگەرییەکانی سوودی زۆری دەداتێ. ئارگومێنتەکەی پینکەر ورد و جدیە و چەندین بەڵگەی زانستی مەحاڵە ئینکاری دەکات. لەمەدا زانست لەوانەیە هەڵەبێت یان پێداچونەوەی بوێت، بەڵام حاڵەتەکە بەگشتی قەناعەتپێکەرە. بۆ نموونە جیاوازی ڕۆڵەکان لە هەرشوێنێک لەنێوان ژن و پیاودا دەبینرێت. هۆکاری بەهێز دەخاتەڕوو کە ڕەگی داکوتراوە لە کاری بایۆلۆجیدا و لە بارودۆخی تونددا هەلبژێردراوە و ‌هەڕەشەی لەناوبردنی لە پێشینەکانمانی کردووە.مرۆڤ بونەوەرێکە توانای نوێبونەوەی هەیە، ئەوخەسڵەتەی کە وەچەی مێشک گەورەی ناکارا دەخاتەوە، بۆیە دوای دە ساڵ لە پەروەردەکردن مرۆڤ دەتوانێت سەرپەرشتی خۆی بکات. نوێبونەوە سوودی زۆری پەرەسەندنی هەیە، بەڵام بە لایەنی بایۆلۆجی زۆر بەدەستدەهێنرێت. ئەو ڕەگەزانەی کە وەچەکانیان وەک مرۆڤ لاوازن پێویستیان بە سیستەمی بەرگری ڕێکخراو و ماڵێکە بۆ ئەوەی زۆر ببن و هەر لەسەر ئەم بنەمایانەشە قەڵای ڕۆمانسی جیاوازیە سێکسیەکان بنیاتنراون.

        بەڵام هۆکاری تر هەیە بۆ ڕازینەبوون بە شێوازەکەی پرینز. کاتێک بیرۆکەی جیاوازیە کەلتوریەکان یەکەمجار لە ڕۆشنگەری ئەڵمانیدا هاتە ئاراوە، لێکندرابوو بە لێکۆڵینەوە لە باوەڕە کۆنەکان و خوو و کارە هونەریەکانی سەردەمی کلاسیک، هەروەها دۆزینەوە ئاینیەکانی ڕۆژهەڵات و سەردانکردنی کەلتورە خێڵەکیەکانی ئەفریقا و ئەمریکا. جۆرێک لە ڕێز بۆ ئەو شتانە،  ئیلهامی دابوو بە مێشکی ئەوانەی کە ڵیکۆڵینەوەیان لەسەر دەکردن و لەگەڵ پەشیمانیدا ئەنسرپۆلۆجیستەکانی سەرەتا داڕمانی خێرای کەلتورە خۆماڵیەکانیان تۆمارکرد. پرینز سەربە عەقڵیەتێکی ترە، ئەو عەقڵیەتەی کەلە هەندێک لە بنەماکانی (بۆئاس)دا دەبینرێن. ئەو هیچ بەزەییەکی بۆ کەلتورەکان نەبوو بێجگە لەو کەلتورەی کە خۆی تێیدا بوو، ئەویش کەلتوری یەکسانخوازی ئەکادیمیای ئەمریکی بوو کە پێی وابوو ڕۆڵە سێکسییەکان لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە دروستدەبن و ئەخلاقیاتی سێکسی لەڕێی پێویستییەکانی ڕێکەوتنەوە نامێنن و هەموو سودەکان بۆ فاکتەرە ژینگەیەکانە کە دەتوانین هاوکاریان بین بۆ زاڵبوون بەسەریدا. ئینکاری دەکرد ئەوە کەلتور بێت، بەڵکو دەیوت ئەوانە  کۆمەڵێک باوەڕ و بۆچونێکن. بەڵام مەبەستی سەرەکی ئارگومێنتەکەی،  خستنەڕووی ئەوەیە کە دەتوانی و پێویستە وەکو ئەو بژین، بەشێوەیەک جیاوازیەکانمان نەدەین بە ڕێگریە سروشتیەکان یان ڕێگەکانی خودا، بەڵکو خۆمان بەڕووی جیاوازیەکی هێوردا بکەینەوە کە تیایدا ئەگەرەکانی مرۆڤ لە بارودۆخی قبوڵکردنی هاوبەشدا گەشەبکات. لەوانەیە ئەمە ئەو ئاڕاستەیە بێت کە بەرەو ڕووی دەڕۆین، بەڵام بەپێچەوانەوە هەموو ئەوانەی دەیڵێت لەوانەیە ڕێگری لەبەردەم پێشکەوتندا هەبێت کە لە سروشتماندا جێگیرە و لە ڕێی چاکسازی کۆمەڵایەتییەوە ناگۆڕێت. هەمومان بەو تۆمەتەی فێمینیستەکان ئاشناین کە ژنان لە تاقیکردنەوە بیرکاریەکاندا خراپن لەبەرجیاکارییە نەستیەکان و خستنەپاڵ و ئە فاکتەرانەی تر کە متمانەی نەهێشتوون، ئەمە ئارگومێنتێکە،  کە لە دیدی پاڵپشتیکەرانیانەوە زیاتر لەلایەن (لاری سەمەر)ەوە سەلمێنراوە، بەڵام کەس باوەڕی بەوە هەیە کە پیاوان دە جار زیاتر ئەگەری ئەوەیان هەیە بچنە بەندیخانەوە لەچاو ژناندا لەبەر جیاکاریە نەستی و خستنەپاڵەکان؟ بەدڵنیایەوە نەخێر. دەزانین کە بەسروشتی پیاوان زیاتر شەڕانگێزن و ناکۆکیەکانیان زیاتربە توندو تیژی یەکلادەکەنەوە و هیچ کەسێکی خوێندەوار لەگەڵ ئەمەد اکێشەی نیە کە ئەم جیاوازیە لە نێوان ژن و پیاودا مەسەلەیەکی جینیە.

        پرسیارە سەرەکیەکە ئەوەیە تاچەند ئەن جۆرە کاریگەریە جینیە درێژدەبێتەوە؟ سوزان گرینفیلد ئاماژە بە توێژینەوەیەکی نوێی سەیرکردنی مێشک دەدات لەلایەن رۆیتا کانای و ئەوای تر لە زانکۆی جیهانی لەندەن کە ئاماژە دەدەن بەوەی ئەو خوێندکارانەی بۆچوونی سیاسی پاڕیزگاریان هەیە مێشکێکی گەورەتریان هەیە، بەڵام ئەوانەی بۆچونی لیبڕالیان هەیە  بەشی پێشەوەی مێشکیان گەورەترە.ئایا ئەمە بەڵگە گریمانەکەی گیلبێرتە کە هەر منداڵێک لەدایک دەبێت یان کەمێک لیبراڵە یان کەمێک پارێزگارە؟

        ئەم تێڕامانانە دەمان بات بۆ ڕێگریەکی تری تێگەیشتین لە بارودۆخی مرۆڤ زیاتر لەوەی پرینز. پێشکەوتنەکانی زانستی مێشک پێمان دەڵێن کاتێک مێشک خۆگونجێن و کاریگەری دەخرێتە سەر، لەگەڵ سنورە زگماکیەکان و پەیوەندیەکانی خۆی بەبێ زانینمان و بەبێ  ڕازیبونمان پەیوەندی دروستدەکات.  لێرەشەوە پرۆسەکان لە مێشکدا دەتوانێت کاربکاتە سەر بڕیارەکانمان بەبێ ئەوەی بتوانین بەرپەرچی بدەینەوە. لە ساڵی ١٩٩٩ دا چارلز وایتمان ١٣ کەسی کوشت و ٣٢ کەسی تری بریندار کرد لە زانکۆی ئۆستین لە تەکساس و ئاماژەی بەوەدا کە مێشکی لەوکاتەدا تەواو نەبووە. پاش ئەوەی لەلایەن پۆلیسەوە پێکرا، لێکۆڵینەوەکان دەریانخست کە برینێک لەسەر مێشکی هەبووە، ئەمەش زانستی مێشک وەک کاردانەوەیەک دەیبینێت کەلێوەی دەتوانین ژینگەکەمان بپارێزین. کەواتە ئایا دەبێت وایتمان لۆمە بکرێت بۆ ئەوەی کردی؟ ئەگەر لۆمە نەکرێت، ئایا ئەمە پاش چەندین ساڵ لە ڕەخنەگرتنم لە بۆچونە پارێزەرەکانم، پاساوم ناداتێت وەکو وایتمان؟

        بە سەیرکردنی حاڵەتەکەی وایتمان، دەیڤد ئیگلمان دەڵێت پێویستە بە تێگەیشتنەکانماندا بۆ بەرپرسیاریەتی یاسایی و ئەخلاقیدا بچینەوە، بۆ ئەوەی بزانین کە زۆربەی ئەو شتانەی ئەیکەین و هەستی پێدەکەین لە پرۆسەیەکەوە دێن کە ناتوانین کۆنتۆرڵیان بکەین. مێشک لەژێربیرکردنەوە ئاگاییەکانماندا خۆیشاردۆتەوە، وەک ئەو هێڵەی لە ناو زەریاکاندا هەیە بۆ ڕۆشتنی کەشتیەکان، وا بیردەکەینەوە کە بەپێی خۆمان پیایدا دەڕۆین. بە پێشکەشکرنی  ستایلی خۆی بۆ چیرۆکێکی فرۆید لە نوسینێکدا ، ئیگلمان دەڵێت زۆربەی ئەوەی دەیکەین زیاتر بە نائاگایەوە پەیوەستە، نەک بە پرۆسەی ئاگاییەوە و هەروەها چەمکاکانی وەک بەرپرسیارێتی و ئازادی، بەپێشکەوتنەکانیزانستیمێشک،  ناتوانن وەک خۆیان بمێننەوە. جا چ پەروەردە یان سروشت بێت کە مێشک ڕێکبخات، ئەوا بەشێوەیەکی گشتی ڕێکخستنی فرمانەکان ئیشی ئێمە نیە و هیچ شتێک نیە کە بۆی لۆمە یان ستایش بکرێین.

        ئیگلمان بیرمەندێکی ‌هێندە‌ زیرەک و بەرپرسیارە نییە تا بتوانێت بگاتە ئەم دەرئەنجامە، ئەو دەیەوێت بە تێگەیشتنمان لە بەرپرسیاریدا بچینەوە بۆ ئەوەی جۆری بەرپرسیارێتیەکەی خۆی لەویادا بمێنێتەوە. بەڵام وەڵامدانەوەی من ئەوەیە بەکورتی کە ئەو بەباشی کێشەکەی باس نەکردووە. ئەو وێنەیەی کە داویەتی بە "من" زیرەکیە لەکاتێکدا واپیشاندەدات کە بەرپرسیارە لێی، ئەمەش سروشتی ئاماژەدان بەخود،  خراپ ڕاڤەدەکات. وشەی "من" ئاماژە نییە بە بەشە هۆشیارەکەی کەسێتی و ناکارا و شاراوەیە. "من" تێرمێکە بۆ پەیوەندی نیوان من و تۆ، کەئەمەش پەیوەندی بەرپرسیاریەتیە کە کەسەکە پێوەی خەریکە. بەکارهێنانی جێناوی کەسی یەکەم پیشاندانی خۆمە بۆ هەڵسەنگاندن و هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتیە بۆ هەموو گۆڕانکاریەکانی جیهان و بەتایبەتیش بۆ ئەوانەی کە بەشێوەیەکی ژیرانە بەرپرسیارم دەکەن بە پرسیارکردن بە "بۆچی؟". ئەم پرسیارە بنەمای چالاکییە کۆمەڵیەکانە کە تیایدا یەکتری بەو هۆکار و مانا و بژاردانەی وامان لێدەکەن زیرەک بین،  دەجوڵێنین. تێگەیشتن لە لۆجیکی پرسیاری "بۆچی؟" کارێکە کە زۆر لە فەیلەسوفانی پێشوو ئیشیان لەسەر کردووە وەک ئیلیزابێس ئانسکۆمب و ستیفن دارۆڵ و سێبەستیان ڕۆدڵ و چەندینی تر. ئەمە پرسیارێکە کە چەمکی بەرپرسیارێتی لە یاسای گشتیدا دیاریدەکات و فەیلەسوفان هەوڵیانداوە ئەوە نیشان بدەن ئەو دیالۆگەی کەلێوەی بەرپرسیاریەتیەکانمان لەسەر بنیاتناوە باش دانراوە و لەلایەن مەعریفە نوێیەکانی مێشکەوە ناوەستێنرێت.

        ئەم خاڵە دەریدەخات چۆن پرینز فەلسەفەی بەکارهێناوە لەسەر حسابی دەرئەنجامەکان. ئەو پرسیارە راستەقینەیەی کە لەلایەن بایلۆجیای پەرەسەندن و زانستی مێشکەوە کراوە ئەوە نییە ئاخۆ دەتوانرێت ئەو زانستانە بەرپەچبدرێنەوە، بەڵکو ئەوەیە ئایا دەتوانین ئەوە قبوڵبکەین کە وتویانە، لەکاتێکدا هێشتا باوەڕیان بەوە هەیە کە ئەخلاقیات داواکاری ئێمەیە. لە کانتەوە بۆ هیگڵ و بۆ ویتیگنستاین و هەسێرل، چەندین هەوڵ هەبوون بۆ جیاکردنەوەی فەلسەفەی بارودۆخی مرۆڤ لە زانستی بایلۆجی. بەڵام یان ئەم هەوڵانە لەلایەن پرینزەوە هەستیپێنەکراوە یان نەیویستووە بیڵێت.

        ئێمە بەدڵنیایەوە مرۆڤین، بەڵام هەروەها کەسیشن. مرۆڤین لە ڕوووی بایلۆجیەوە و زانست ئەوە ڕوندەکاتەوە. ئەمەش ڕەنگە بەو شێوەیەبێت کە سایکۆلۆجیستە پەرەسەندنەکان خستویانەڕوو. بەڵام کەسەکان جۆرێکی بایلۆجی نین، یان هەرجۆرێک لە جۆری سروشتی. چەمکی کەس بەشێوەیەکی تر دروستدەبێت، نەک بە هەوڵدانمان بە شیکردنەوەی شتەکان بەڵکو بە هەوڵەکان بۆ تێگەیشتن و پەیوەندی و بەرپرسیاریەتی و پەیوەندیدارکردن و ئەمانەش بە بەچەمکردنی جیهان لە ژێڕ بوارەکانی ئازادی و بژاردەداوەڵامدەدرێنەوە. خەڵکی ئەوە دەکەن کە دەیکەن بەهۆی ڕوداوەکانی ناو مێشکیانەوە، بەڵام ئەگەر مێشک ئاسایی بێت، ئەوا مرۆڤ بۆ هۆیەک کار دەکات و دەزانێت چی دەکات و وا لە خۆی دەکات وەڵامی بۆ شتەکان هەبێت. 

        ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە پێویستە ئەوە  فەرامۆش بکەین  کە لەمێشکدا ڕوودەدات. سوزان گرین فیلد جەختدەکاتەوە کە مێشکمان شتێکی لاستیکیە و دەتوانرێت کاریگەری بخرێتە سەر بەشێوەیەک کە مەترسی بخاتە سەر گەشە ئەخلاقیەکانمان. بەرگریکردنەکەی پرینز لە پەروەردە وەک بەرگریکردنوایە لە ئازادی مرۆڤ. بەڵام پەروەردە بەئاسانی دەتوانێت ئازادی تێکبشکێنێت لەبەرئەوەی بەرەوەپێشی دەبات. دەتوانین مناڵەکانمان بەشێوەیەکی ناکارا و ئیدمانانە لەسەر خۆشیەکان پەروەدە بکەین کە تێوەگلانیان لە جیهانی واقیعدا کەمکاتەوە و تۆڕە مێشکیەکان جارێکی تر دیاریبکاتەوە کە لێوەی گەشە ئەخلاقیەکان بنیاتدەنرێت.پەیڕەوکردنی کورتماوە ی ڕازیبوون دەتوانێت هەستی ماوەدرێژی بەرپرسیاریەتی لاببات. بەڵام ئەگەر مناڵان فێربن یادیان لە کۆمپیوتەردا خەزن کەن و ژیانی کۆمەڵایەتیان لە ئامرازی هەڵگیراودا، ئەوا وردە وردە یاد و هاوڕێیەتی نامێنن  و تەنها وەک تارماییەک دەمێننەوە کە لە ئەرشیفی دیجیتاڵیدا دەردەکەون. 

        من هاوڕام لەگەڵ ئەو نیگەرانیانەدا، بەڵام هیچ لەوە ناگۆڕێت کە پێویستە فەیلەسوف بگونجێت. ئارگومێنتەکەی گرین فیڵد ئەوە دەردەخات کە جۆرێک لەگەشەی مرۆڤ هەیە ئامادەمان دەکات، لەسەر ئاستی نیورۆلۆجی، بۆ پیادەکردنی بژاردەی بەرپرسیارانە. ئەگەر مناڵەکانمان بەشێوەیەکی ڕاست پەروەردە بکەین و تێکیان نەدەین و مێشکیان بە ژوری پڕ لە ئامێری دیجیتاڵی نەشۆینەوە، ئەوا هەستی بەرپرسیاریەتی تیایاندا دەردەکەوێت و بەڕاستی دەچنەوە ناو دنیای من و تۆوە و دەبنە کەسانی ئازاد و بەڕەوشت، هەروەها فێردەبن بەوشێوەیە بژین کە پێویستە، نەک وەک گیاندار و کەسەکان.

        ڕێگەبدە منداڵان لەگەڵ خەڵکی ڕاستەقینەدا تێکەڵبن، تا لێرەوە ڕێزمانی کەسی یەکەمی بەرپرسیار  سەرهەڵبدات. بێگومان کاتێک ئەمە ببێت، ئەوا پەیوەندی نێوان من و تۆ سودی زۆری دەبێت، وەک چۆن توانستی بیرکاری و مەعریفەی زانستی و بەهرەی مۆسیقی سودی هەیە. بەڵام بیردۆزەی خۆگونجان شتێکی کەممان لەسەر واتای "من" پێدەڵێت چونکە لەبارەی ڕاستی بیرکاری و سروشتی ڕێگەی زانستی یان بەها و مۆسیقاوە شتمان پێدەڵێت. هەتا ئەگەر بانگەشەکانی سایکۆلۆجیای پەرەسەندنیش قبوڵکەین، ئەوا هێشتا هەر نهێنی مرۆڤ هەردەمێنێت. ئەم نهێنیە لە تەنها یەک پرسیاردایە: چۆن مرۆڤ وەک گیانلەبەرێک ڕاڤە دەکرێت و وەک کەسێکی کۆمەڵایەتی  لێی تێدەگەین؟

●●●

 

*) مامۆستا لە پەیمانگای تەکنیکی کوردستان.

 

 

سەرچاوە:

http://www.prospectmagazine.co.uk/features/nature-nurture-and-liberal-values-roger-scruton-jesse-prinz-david-eagleman-neuroscience

 

 

 

 

Comments