تێڕوانینی ئەفڵاتون لەبارەی پەروەردە و فێرکردن لە میانی کتێبی (کۆمار)ەوە.

posted Jun 11, 2016, 11:42 AM by Adil Mohammed Noori   [ updated Jun 11, 2016, 12:21 PM ]

        وا دیارە قسەکردن لەبارەى کتێبى (کۆمار)ى فەیلەسوفى یۆنانى ئەفڵاتوون Platon (دەوروبەرى 427-347 پ.ز) پاڵمان پێوە دەنێت ئەم پرسیارانەى خوارەوە بخەینەڕوو:

- سروشتى ئەم شاکارە فەلسەفییە ڕەسەنە چییە، کە هەتاوەکو ئێستا سەرچاوەیەکى سەرەکییە لەمێژووى فەلسەفە وپەروەردە دا؟

- ئەو پێگە وشوێنە چییە، کە پەروەردە وفێرکردن لەناو کتێبەکەدا داگیرى کردووە؟

- ئایا دەکرێ قسەبکەین لەبارەى تیۆرى ئەفڵاتوونى بۆ پەروەردە وفێرکردن?

 

        زانراوە کەلتورى فەلسەفیى ئەفڵاتوون هەمیشە لەچوارچێوەى چەند (وتوێژێک)دا پۆڵینکراوە، تێیدا هەر وتوێژێک ناونیشانێکى هەیە، کە لە زۆربەى جاردا بەڵگەیە لەسەر کرۆکى بابەتەکە، بۆنموونە:

وتوێژى رامیارى و یاساکانى = پرسى سیاسى.

وتوێژى ئەقراتیلس = بنەماکانى زمان.

وتوێژى خوان = ئەوین وجوانکارى (ئیستاتیکا).

وتوێژى فیدۆن= نەمرى دەروون ومردنى سوکرات.

وتوێژى مینۆن= چاکێتى (الفضلية)وسروشتى گومانى دروست.

وتوێژى بەرگرى سوکرات-ئەکریتۆن= دادگایى سوکرات وبەندکردنى.

وتوێژى گورگیاس= رەخنە وتاربێژى کە دادگەرى نایەنەتەدى.

        ئەم وتوێژە سەرەکییانەى ئەفڵاتوون لە کێشەیەکى دیاریکراوەوە سەرچاوەى گرتووە و، هەوڵدەدا لە میانى وتوێژەوەکەوە بە تەواوى ئەو کێشەیە بخاتەڕوو، کە لە زۆربەیاندا سوکرات پاڵەوانەکەیەتى، وێڕاى ئەوەى بابەتەکانى ئەم وتوێژانە پەرتوبڵاوە و ڕەگەزەکانیشى تەواو تێکهەڵکێشراون، ئەمەش بەهۆى خۆکردەکى (عفوى) بوونى وتوێژەوەکەیەوە. کەچى لەگەڵ ئەوەشدا هەر کێشەى سەرەکى، کە لەسەرەتای وتوێژەوە دەستنیشانکراوە هەر وەک وتوێژى سەرەکى دەمێنێتەوە.

        ئەگەر هەمیشە نووسینى فەلسەفیى ئەفڵاتوون ئەوە جیابکاتەوە، ئەوا وتوێژەکانى "کۆمار" تاڕادەیەک ئەم ڕێسایە دەشکێنێت لەبەرئەوەى کتێبى "کۆمار" -وێڕاى ئەوەى ناونیشانەکەى شێوازێکى سیاسى هەیە- وێنەیەگى گشتى بۆ پێکهاتەى فەلسەفیى ئەفڵاتوون پێکدەهێنێت. توێژەرى ئەنتۆلۆژیا (بونگەرایى) هەرگیز ناتوانێت پشت بەکۆمار ببەستێت، هەروەک ئەمەش بەهەمان شێوە دروستە سەبارەت بە هەر یەک لە توێژەرى تیۆرى مەعریفى یان سیاسى یاخود ڕەوشت. بەدەستەواژەیەکى دى کتێبى "کۆمار"ى ئەفڵاتوون لەهەموو دانراوەکانى ترى ئەفڵاتوون زێتر گوزارشت لە فەلسەفەکەى دەکات. گومانى تێدا نییە ئەوەى ئەفڵاتوون لەوتوێژى "کۆمار"دا مژوڵ کردووە، گەڕانە بەدواى چۆنیەتى دادگەرى وفەزیلەتبوونى فەرمانڕەواى شار. بەڵام ئەم ئامانجە لەناو کتێبەکەدا تەنها لەرێگەى تێگەیشتنى روئیاى ئەنتۆلۆژى و ڕەوشت (الاخلاق) نەبێت، کە رێخۆشکەرى بەجێهێنانى دادگەرییە نایەتەدى، لەم بارەیەوەش لێکۆڵینەوە نەکراوە. هەروەک ئەم دادگەرییە تەنها لە ڕێگەى شێوازێکى دیاریکراو لەپەروەردە وفێرکردن ومەعریفەوە بەدەستدێت. ئەم پێکداچوونە واى لە توێژەرى بوارى پەروەردە کردووە گەڕانەوە بۆ کتێبى "کۆمار"ى ئەفڵاتوون کارێکى ڕەوا وپێویست بێت.

        ئەگەر گەڕانەوە بۆ وتوێژەکانى "کۆمار" وەک سۆراغێک بەدواى دیدگا و وێناى ئەفڵاتوون بۆ پەروەردە وفێرکردن کارێکى پاساوهێنەر ودروست بێت هەورەکو پێشتر ئاماژەى پێکرا. ئەوا ئەم پرسیارانەى خوارەوە خۆى دەسەپێنێت: سروشتى ئەو هزرانە چین، کە ئەفڵاتوون لەم کتێبەدا لەبارەى پەروەردە و فێرکردن خستویتەڕوو؟ ئایا پەیوەستە بەتێورێکى تەواوکار وکامل، کە پێشەکى و ڕێگا ومەبەستى هەیە یاخود بە چەند هزرێکى تێپەڕبووە (عابر)، کە چوارچێوەى فەلسەفى گشتى وتوێژەکە دەیخوازێت؟  ئەو سنور وهێڵە جیاکەرەوانە چین – لە حاڵەتى هەبوونیدا- لەنێوان ئەفڵاتوونى فەیلەسوف وئەفڵاتوونى پەروەرشیار ومامۆستا دا؟.

        کتێبى "کۆمار" کتێبێکى تایبەت و تەرخانکراو نییە بە کاروبارى پەروەردە چونکە ئەو ئەندێشە بزوێنەرەى، کە هاندەرى ئەنجامدانى وتوێژەکەیە پەیوەستە بەکاروبارێک، کە گشتگیرتر وفراوانترە: کاروبارى بوون، مەعریفە ، رامیارى. بەو شێوەیە وێڕاى ئامادەبوونى پرسى پەروەردەیى ودزەکردنى بۆ نێو کۆى کتێبەکە، کەچى  ئامرازە نەک ئامانج، میتۆدە نەک مەبەست. ئەم پێدراوەش پاساو دەدات بە کارێکى تر، کە جێى بایەخى ئەفڵاتوونە ئەویش بیر وهزرى پەروەردەییە. ئەو لەبارەى پەروەردە وفێرکردن بۆ کۆمەڵگە نادوێ، بەڵکو دەربارەى رێبازى پەروەردەیى – فێرکاری دواوە، کە لەلاى دەستەیەکى هەڵبژێراو و دیاریکراو بە بایەخە. بەو شێوەیە ئەگەر "تیۆرێک" لەبار وگونجاوبێت بۆ پیادەکردنى لەسەر (گشت) ئەوا فیکر ورێباز لەسەر (تایبەت) دەبێتە واقیع وجێبەجێ دەبێت. ئوستاد فوئاد زەکەریا لە لێکۆڵینەوەیەکى لەسەر وتوێژى "کۆمار"ى ئەفڵاتوون دەڵێت:" پێویستە هەر لەسەرەتاوە وریابین، کە ئەفڵاتوون لەم وتوێژەیەدا تێورێکى گشتگیرمان سەبارەت بە پەروەردە پێشکەش ناکات، بەڵکو تەنها رێبازێکمان بۆ پەروەردەکردنى دەستەیەکى هەڵبژێراوى نێو هاوڵاتیان پێشکەش دەکات، جیاوازى نێوان ئەم دوو حاڵەتەش ئەوەیە: ئەو بەها پەروەردەییە باڵاییەى، کە تێدەکۆشێت بۆ رۆشنفکردنى هاوڵاتى بەگشتى پێویستە جیاواز بێت لەو ئامانجەى بۆ رۆشنبیرکردنى دەستەیەکى هەڵبژێراو. یەکەمیان: دیموکراسیەکى گشتگیرە. دووەمیشیان ئەرستوکراتییەکى بژاردەیە. بێگومان نوسراوەکانى ئەفڵاتوون لەڕووى تیۆرى تایبەت بەجۆرى یەکەمەوە لەپەروەردەدا زۆر هەژارن، بەڵام بایەخێکى زۆر دەدا بەجۆرى دووەم".

        کەوابوو ئەفڵاتوون هەوڵ نادات وێنایەک یاخود دیدگایەکى تەواو وکامڵ وگشتگیر بۆ پەروەردە دابنێت، کە هەموو تاکێک خۆى تێدا بدۆزێتەوە بەئەندازەى ئەوەى ڕووى دەمى دەکاتە دەستەیەکى دیاریکراو"بژاردە" (لەبڕگەکانى دواتردا دەگەڕێینەوە سەر سروشتى ئەم دەستەیە). هەر بۆیە هەرکەسێک لەدەرەوەى ئەم دەستە بژاردە بێت جێى بایەخى هزرە پەروەردەییەکانى ئەفڵاتون نییە چونکە دژ دەکاتەوە لەگەڵ سروشتى ئەو وئەو کەسەى شایستەیە. سروشتى بژاردەیى لەهزرى پەروەردەیى ئەفڵاتووندا ڕوون وئاشکرایە، سروشتێکە راڤەى رەتکردنەوەى دیموکراسى ئەسینا و پەوەردەى سوفستائى دەکات – کە لە دیدى ئەفڵاتوونەوە- بانگەشە بۆ ئەوە دەکات هەموو تاکێک مافى خوێندن وفێرکردنى هەیە. سروشت وخوخدەى خەڵکەکان بەگوێرى ئەفڵاتوون جۆراوجۆرە ومەیل وئارەزووەکانیشیان جیاواز ولێکجودان وتوانستەکانیشان رێکخراو وئامادەکراون. ئیدى نابێت فێرکردن هەقیقەتێکى گشتی بێت بەئەندازەى ئەوەى پێویستە لەدەستەیەکى خودان خەسڵەت ولێهاتوى دیاریکراودا کۆبێتەوە، ئەفڵاتوون لەسەر زارى سوکرات وگلوکونەوە دەڵێت: "

        پ: کەواتە پێویستە لەمجۆرە خوخدانە (گبائع) هەڵبژێرین، پاشان کامەیان لە هەمووى ئازاتر و باشتر و جوانترینە جیابکەینەوە، بەڵام سەربارى ئەمە نابێت لە گەڕانماندا تەنها جەخت لەسەر سیفەتەکانى پیاوەتى و رێز و بەخشندەیى بکەینەوە، بەڵکو پێویستە بگەڕێن بەدواى بەهرە سروشتییە گونجاوەکان لەمجۆرە فێرکردنەدا.

 

        - ئەو بەهرانە چین؟

 

        پ: پێویستە بە زرنگى و ئاسان فێرکردن وەسفبکرێت، چونکە زەین وهزر زیاتر لە لێکۆڵینەوە ئەستەمەکان وزەحمەتەکاندا ماندوو دەبێت وەک لەوەى لە راهێنانە جەستەییەکاندا توشى دەبێت لەبەرئەوە لە حاڵەتێکى وەهادا تەنها بارگرانى دەکەوێتە سەر ئەو، بەڵام جەستە هیچ جۆرە ئەرکێکى لەگەڵدا هەڵناگرێت.

 

        وتى: ئەمە دروستە.

 

        پ: هەروەک پێویستە سیفەتەکانى هێزى یادگا و بەرگەگرتنى ناڕەحەتى و خۆشەویستى کارى بەهەموو شێوەکانیەوە تێدا هەبێت، ئەگینا چاوەڕێ چى بکەین لە کەسێکى وەها، کە بارگرانى ڕاهێنانى پەروەردەیى هەڵبگرێت وبیخاتە ئەستۆى خۆى وپاشتر بەرەو لێکۆڵینەوە ئەقڵیەکان بچێت، کە دیاریمان کردووە بۆ کۆتاییەکەى".

        ئەو "جۆرە فێرکردنە" چییە، کە ئەفڵاتوون بۆ ئەم دەستە هەڵبژێراوە بەگونجاوى بینیووە؟ سروشتى ئەو بەرنامە فێرکارى وپەروەردەییە چییە ئاڕاستەى ئەو دەستەیە دەکرێ، کە زادەى "پاسەوانانى شارن"؟

 

        قۆناغى یەکەم: راهێنانى جەستەیى و فێرکردنى موسیقا:

        لەو لێکۆڵینەوەى، کە دکتۆر فوئاد زەکەریا لەبارەى کتێبى "کۆمار" ئەنجامیداوە کە پێشتر ئاماژەمان بۆى کرد، دەکرێ قۆناغەکانى پەروەردە وفێرکردن لەلاى ئەفڵاتوون دابەش بکەین بەسەر قۆناغەکانى: یەکەم یان سەرەتایى، دووەم یا ناوەندى، سێیەم یاخود باڵا.

        لەتێڕوانینى ئەفڵاتون فێرکردن بەقۆناغى یەکەم دەست پێدەکات، کە خودان تایبەتمەندى تایبەتى دیاریکراوە. د. فوئاد زەکەریا دەڵێت: "ئەفڵاتوون لە وتوێژى کۆمار دا سیستەمى فێرکردنى لەسێ قۆناغدا چارەسەرکردووە، یەکەمیان هاوشانى قۆناغى فێرکردنى سەرەتاییە لەچەرخى هاوچەرخدا، بنەماکانى ئەم قۆناغە راهێنانى جەستە وموسیقایە واتە: گەشەکردنى لاشە و گیان (روح) لەکاتێکدا ئەم دووانە لەباریاندایە پێکبێن"

        فێرکردنى موسیقا وپەروەردەى جەستە شوێنێکى سەرەکى لە فێرکردنى سەرەتاییدا هەیە، جگە لەوە بەجێهێنان وسەرکەوتن لەم ئەرکەدا لەدیدى ئەفڵاتوونەوە پاککردنەوەى ئەقڵى منداڵەکانە لە چیرۆکە ئەفسانەییەکان. ئەم چیرۆکانە، کە کارکراوێکى جادووانەیان هەیە بەرامبەرى ئەو بۆشاییە زەینەى منداڵ و، بە ئاسانى تیاندا دەچەسپێت. ڕووکردنە موسیقا وپەروەردەى جەستە وادەخوازن، کە لە دەستپێکەوە منداڵ لەسەر گوێگرتنى شتى شایستە لەڕووى جوانى وبەها باڵاکانەوە ڕابهێنرێت. ئەفڵاتوون لەزارى سوکراتەوە دەڵێت: "چونکە منداڵ ناتوانێ جیاوازى بکات لەوەى کامە ئەفسانەیى وکامە واقیعى وهەقیقیە. بێگومان ئەوەى لەم تەمەنەیدا منداڵ وەریدەگرێ زۆر بەقوڵى لەزەینیدا دەچەسپێت و ڕۆژگار ناتوانێ بیسڕێتەوە، بۆیە مەترسیدارترین شتێک ئەوەیە یەکەم چیرۆک، کە بە گوێ منداڵدا بدرێت نمونە باڵا وبەرزەکانى فکرى فەزیلەت بێت".

        کاتێک ئەفڵاتوون لەبارەى چیرۆکە ئەفسانەییەکان وتوێژ دەکات، راشکاوانە ئاماژە بۆ شاعیرەکان بەتایبەتى هەردوو پارچە شیعرى ئەلیادە وئۆدیسە کردووە، کە پێیوایە ئەمانە برەو بە ئەفسانەى ناڕاستى دەدەن لەبارەى خواوەند وژیانەوە و بەشدار دەبن لە گەندەڵکردنى عەقڵى منداڵ و ترس خستنە ناو دڵى منداڵەوە. دیسان ئەفڵاتون ئاگادارى لەو بارەیەوە دەدات، کە ئەم شیعرانە ببنە ناوەڕۆکى ئەو شیعرانەى دایک بۆ منداڵەکانى دەهۆنێتەوە: " ...ئاگاداربین رێ نەدەین دایکان بەم جۆرە ئەفسانانە، کە شاعیرەکان هۆنیویانەتەوە ترس بخەنە دڵى منداڵەکانیانەوە، پێیان دەڵێن کە خواوەند شەوان بەجلى نامۆوە بەشێوەى جۆراوجۆر خۆنیشان دەدەن، کە ئەمە هەم ناهەقییە لەبەرامبەر مافى خودا و، لەهەمان کاتدا ترسێنەرە بۆ منداڵەکان".

        وادیارە ئەم هەڵویستە نەرێیەیى ئەفڵاتوون لەبەرامبەر شیعر بەپلەى یەکەم لەم پرسە پەروەردەییەوە هاتووە.  شیعر لەدیدى دانەرى "کۆمار"دا مادە وبابەتەکانى لە ئەفسانە نامۆکان وناعەقڵیەکانەوە سەرچاوەی گرتووە بە شێوەیەک وێنەیەکى لێ بەرهەمدەهێنێت، کە یەکەمینجار لەگەڵ پێداویستیەکانى عەقڵ دا ناگونجێت و، دووەمینجاریش لەگەل رێز وپایەى خواوەند دا. لەبەرئەمە ناکرێ شاعیرەکان بکرێنە نمونەیەک منداڵەکان چاوى لێ بکەن، بەڵکو پێویستە بەدواى نمونەیەکى تردا بگەڕێین، هەر بۆیە پێویستە کە: "... بۆ ئەو هونەرمەندانە بگەڕێن غەریزەکەیان رێنموینیان دەکات بۆ چاوکردن لە هەموو جوانییەکى تەبا وڕێکخراو هەتاوەکو ئەو جەحێڵانەى لە ژینگەیەکى چاکدا دەژین، هەموو باش وچاکەیەکى دەوروبەرییان بچننەوە. ئەوان کاریگەرن بە سەرجەم ئەو کارە چاکانەى گوێ وچاوەکانیان دەیبیستن وبەدى دەکەن وەک نەسیمێکى تەندروستى کە لە ناوچە تەندروستەکانەوە دێت و، هەر لە بەرایى تەمەن ومنداڵییەوە بێ ئەوەى هۆش وئاگاییان هەبێت ئاڕاستەیان دەکات بەرەو خۆشویستنى جوانى و لاساییکردنەوە و هەوڵدان بۆ گونجان وسازانى تەواو لەگەڵیدا". 

        بەوشێوەیە ئەوەى شایەنى بەڕێوبردنى منداڵە وببێتە پێشەنگى منداڵ، ئەو کەسە نییە کە فێرى ئەفسانەى بکات، بەڵکو ئەوەیە کە تواناى هەیە خۆشەویستنى جوانى تێدا بچێنێت ولەگەڵیدا بسازێ ولەسەر هەمان شت پێکبێنێت. بیرۆکەى سازاندن(پێکهاتن) شوینێکى تایبەتى لە کتێبى "کۆمار"دا گرتووە، بەڵکو بەگشتى تەوەرى فەلسەفەى ئەفڵاتونە. سازاندن وگونجاندن لەنێوان چینەکاندا بەدەستهێنانى دادپەروەرییە لەسەر ئاستى دەوڵەت، گونجاندن لەنێوان بەشەکانى جەستە بەختەوەرى تاکە. مادام تاک لەفێرکردندا مەبەستە، ئەوا گونجاندن لەخۆیدا بەندە لەسەر میکانیزمێکى دیاریکراو، کە فێرکردنى موسیقا و جەستەیى دیدگا وبناغەکەیەتى، بەو شێوەیە موسیقا لەو ڕووەوەى، کە گونجاندنى ترپە وئاوازکانە بەرەو روح بەرزە فڕدەکات بۆ راهێنانى لەسەر (گونجاندن- پێکهاتن) لەگەڵ ئەوەى جوانە و رەتکردنەوەى هەرچى قێزەون وخراپە: "... لەوەوە گرنگى موسیقا لە فێرکردن دا دەردەکەوێت ئەوەش لەبەرئەوەى هەر یەک لەترپە و گونجاندن لەتوانایاندایە دزە بکەنە ناو دەروون وزۆر بەقوڵى کاریگەرى لێ بکەن، ئەو دووانە دەروون جوان دەکەن بە هەموو ئەو جوانیەیى هەیانە، بەڵام گەر بەو شێوەی شایستە وپێویستە فێرنەکرێن و خراپ فێر بکرێن ئەو کات خراپ وقێزەونى دەکەن. سەرەڕاى ئەوەش فێرکردنى موسیقا ئەگەر بەجوانى ئەدا کرا، بوار بەدەروون دەدا روخسارە ناتەواو وخراپەکانى ئەوەى هونەر دایدەهێنێت وسروشت دەیخولقێنێ بدۆزێتەوە، پاشان کاریگەر دەبێ بەو دۆزینەوەیە بەچەشنێک ئاماژە بەو جوانیانە دەکات، کە دەیبینێت و لەدوورنیدا بەخۆشیەوە قبوڵى دەکات و،دەیکاتە خۆراک و دەبێتە پیاوێکى چاک وباش. لەلایەکى ترەوە خراپە لەناخیدا هەڵدەگرێ و هەر لەدروست بونیەوە بەر لەوەى بە عقل بیرى لێ بکاتەوە قێزى لێدەکاتەوە".

        فێرکردنى موسیقا بۆ خۆى داواکراو و ئامانج نییە، بەڵکو میکانیزمێکە بۆ مەبەستێکى باڵاتر ، بە مەبەستى ڕەوشت بەمەبەستى پەروەردەکردنى دەروون ونزیکردنەوەى لەجوانى و دوورخستنەوەى لە ناشیرین وقێزەون، بەڵام ئەگەر فێرکردنى موسیقا پێویستیەکى دەروونی بێت، ئەوا بە تەنها کافى نییە، بەڵکو زێدڕەوى کردنە. ئیکتیفاکردنیش بەوە دەبێتەهۆى ئەوەى ئەم دەروونە نەرم ولاواز بێت و، بە ئاسانى کاریگەرى لێبکرێت، لەبەرئەمە لە دیدى ئەفڵاتونەوە وا پێویست دەکات هێزى پێ ببەخشین، ئەمەش جگە لەرێگاى ڕاهێنانى جەستە و راهێنانى لەسەر نارەحەتى وقبوڵکردن وبەرگەگرتن بەهیچ رێگایەکى دى نایەتەدى. واتە تەنها بە پەروەردەکردنى جەستە نەبێت نایەتەدى، کە مەبەست لێى چاندنى بەهاى ئازایەتى وبەهێزکردنى بونیادە تێیدا. جێى ئاماژەیە پەروەردەکردن لەسەر فێرکردنى موسیقا تەنها دەبێتە هۆى لاوازى وتەنکى وناسکى، بەهەمان شێوەش تەنها وەرزشى جەستەش دەبێتە هۆى ڕەقى و مەیلى توندوتیژى. بەو شێوەیە هەروەک چۆن موسیقا پێویستییە بۆ وەرزش، ئاواش وەرزش پێویستییە بۆ موسیقا.  لێرەدا جارێکى تر پرسەکە پرسی "گونجاندن- پێکهاتن"ە، پرسى سەرکردایەتى منداڵ،ە کە هیچ ڕەگەزێکى تێدا فەرامۆش نەکراوە، ئەفڵاتوون دەڵێت: ".... کەواتە دەتوانم بڵێم، کە خوا بەهرەى هونەرى موسیقا و وەرزشى جەستەیى پێداوە لەپێناوى ئەم دوو ئامانجە: ئازایەتى و فەلسەفە. ئەوەى پێ نەبەخشیوین لەبەر دەروون وجەستە، مادامێک ئەوە بەشێوەیەکى سەرپێى نییە، بەڵکو ئامانجى سەرەکى ئەو دوو سیفەتە: ئازایەتى وفەلسەفەیە، تاوەکو بیانگونجێنین بەئەندازەى ئەوەى خاو و شلى بکەینەوە یان توندى بکەینەوە بەشێوەیەکى گونجاو (..) لەوەوە دەتوانین ئەو بڵێین لەبارەى ئەوانەى موسیقا و وەرزش ئاوێتە دەکەن بەرێژەیەکى زۆر جوان و، بەوردرترین ئەندازەى پێکەوەیى لەخۆیدا پیادەى دەکات، ئەوە لێزانترین موسیقار و بەتواناترینیانە لە سازاندن وگونجاندندا، بەڵکو ئەوە زۆر لەوە بەتواناترە، کە نێوانى تۆنەکانى ئامیرە موسیقاکان دەگونجێنێت..."  ئەوەى پێویستە شایستەى پاسگاکردنى شار و سەرکردایەتیکردنی بێت، بوارى پێنادرێ کە خۆ بەڕێوبەر وپاسەوانى خۆى بێت یەکەمجار. بەڵکو پاسەوانیکردنى دەروون وسەرکردایەتیکردنى لەلاى ئەفڵاتوون بەئەدەبکردنى وبژارەکردنى لە ئەفسانەکان و گەڕان بەدواى تەبایى و گونجان تێدا دەست پێدەکات، ئەوەش ئەرکێکى وەرزشى و موسیقییە لەقۆناغى یەکەمدا. ناکرێت وناشبێت، کە یەکێک سەرکەوتوو نەبێت لەجێبەجێکردنى ئەمانە لەدەروونی خۆیدا، بتوانێ دادگەرى وگونجان لەشار / دەوڵەتدا بێنێتەدى.

 

        قۆناغى دووەم: بیرکارى و دەروونسازى بۆ وردبونەوە لە نمونەکان:

        ئامانج لە فێرکردنى وەرزشى جەستەیى و موسیقا بەدەستهێنانى کامڵییە لەنێوان جەستە ودەروون و، ئازایەتى وچێژى دروستدا. ئەگەر ئەمە تەواوکارییە پێویستێکى تاک بێت وبەهەمان ئەندازەش پێویستى شار/ دەوڵەت بێت، ئەوا ئەم فێرکردنە وێناى یەکەم هەنگاوى پێویست دەکات، کە چەند هەنگاوێکى ترى بەدوادا دێت. فوئاد زەکەریا لەم بارەیەوە لەسەر قۆناغى سێیەم لەفێرکردن و پەروەردەى ئەفڵاتونى دەدوێ:

        " بەشێوەیەکى گشتى دەتوانین بڵێین قۆناغى دووەم لەبەرنامەى فێرکردنى ئەفڵاتون هاوشێوەى قۆناغى دووەمە لە سیستەمى فێرکردنى نوێدا، هەرچەند ئەو تەمەنەى ئەفڵاتون دیاریکردووە لەنێوان بیست ساڵى و سى ویەک ساڵیدایە، کە لە لەگەڵ قۆناغە هاوشێوەکەى جیهانى نوێدا جیاوازییەکى زۆریان هەیە".

        لە قۆناغێکى دیاریکراودا، فێرکردنى جەستەیى و موسیقا رادەوستێ چونکە کارایى خۆى لەدەستداوە و کافى نابێت بۆ پەرەپێدانى تاک و باڵاکردنى توانستەکان وئامادەکردنى بۆ ئەرکى چاوەڕوانکراو. ئەم قۆناغە نوێیە چى پێویستە؟ ئەو جۆرە خوێندنە چییە، کە گونجاو لەم قۆناغەدا بۆ ئامادەکردنى تاک؟ با گوێ لە ئەفڵاتون بگرین و لەسەر زمانى سوکرات و گلوکۆنەوە، کە بوارەکانى فێرکردنى ئەم قۆناغە دیارى دەکات:

 

        - بەڵى، بە دڵنیاییەوە، بەڵام پاش لابردنى بابەتەکانى موسیقا و وەرزشى جەستەیى و پیشەگەرى چ زانستێک دەمێنیتەوە کە پێویستە بخوێنرێت؟

        - وتى: ئەگەر زانستێکى ترمان بەردەست نەبوو، پێویستە ئەو زانستە بخوێنین، کە پەیوەندى بە هەموو لقەکانى پێشووەوە هەیە؟

        - ئەو زانستە کامەیە: مەبەستم ئەو زانستە گشتییە، کە لە هەموو پیشەگەرى و پرۆسە هزرییەکاندا بەکاردێت، هەروەها لە هەموو جۆرەکانى مەعریفەدا، ئەو زانستەیە کە پێویستە پێش هەموو زانستێک مرۆڤ فێرى ببێت.

        - ئەو زانستە کامەیە؟

        - ئەو زانستە دیار وناسراوە، ئەوەیە کە فێرمان دەکات ژمارەکان (یەک ودوو وسێ) لێک جیابکەینەوە واتە: زانستى ژمارە وژمێرە، ئایا دروست نییە ئەم زانستە بخوێنرێ، کە هیچ پیشە و زانستێکى دى ناتوانێت خۆى لێ دوور بکات؟

        - بەڵى بە دڵنییاییەوە "

 

        ئەم بڕگەیە لە کتێبى "کۆمار"دا تەنها جۆرى فێرکردنى قۆناغى دووەممان بۆ دیارى ناکات، بەڵکو هەندێ تایبەتمەندى ئەم جۆرە فێرکردنەشمان بۆ دەخاتەڕوو:

        - ئەگەر فێربوونى بیرکارى بۆ فێرخوازانى ئەفڵاتوون پێویستى بێت لەبەرئەوەیە کە ئەم بابەتە پەیوەندى بە گەلێک شتى زیندووەوە هەیە، بەڕێوەبردنى کاروبارەکانى ژیان هەرچەندە سادە وساکاربن و، زانیارى تەواوت لەسەر هەموو زانستەکان هەبێت، بە شێوەیەک لە شێوەکان هەموو ئەمانە لەسەر زانستى بیرکارى وەستاوە. ئەو زانستەى کە مەرجەکانى ناسینەوە و جیاکردنەوەمان بۆ ئامادە دەکاتن لەبەرئەمە ئەفڵاتوون پێداگرى دەکات لەسەر ئەم زانستە" پێویستە مرۆڤ پێش هەموو زانستێک، فێرى زانستى بیرکارى بێت".

        لێرەدا بیرکارى پسپۆڕییەکى دیاریکراو نییە، بەڵکو ڕشتەیەکى مەعریفى هاوبەشە، ئامادەسازى بۆ چوونە نێو قۆناغە باڵاکان دەکات.

        - بە گوێرەى ئەوەى بیرکارى بناغەى هەموو زانستێکە، لەم قۆناغەدا پلەى زەرورەت وپێویست وەردەگرێت، بەشێوەیەک هەموو جۆرەکانى فێربوون بەندن بەم زانستەوە، پێویستێک بۆ ئەوانەى دەیانەوێ دروست عەقڵیان بەکاریان بهێنن، شتێکى نامۆ نییە بە گوێرەى ئەمەى پێشوو، کە باش زانینى بیرکارى مەرجێکى سەرەکى بێت بۆ چوونە نێو ئەکادیمیاى ئەفڵاتون و پاشتر فەلسەفەلێدان.

        - دەشێ ئەو پرسیارە بکەین، کە لە پشت ئەم پێدارییەى ئەفڵاتونەوە لەبارەى خوێندنى بابەتى بیرکارى چ پێویستییەک هەبێت. ئایا ئەمە تەنها لەبەرئەوەیە ئەم زانستە مەرجێکى پێویستە بۆ هەموو مەعریفەکانى تر...یاخود زیاتر لەوە هەڵدەگرێت؟ ئەفڵاتون زۆر بە ڕوونى وەڵامى ئەمەى داوەتەوە ودەڵێت: " – ووتى: ڕوون وئاشکرایە کە ئەندازیارى ڕادەى پەیوەندى بە پرۆسە جەنگییەکانەوە سودمان پێدەگەیەنێت، بە جۆرێک تواناى فەرماندە لەسەر دروستکردنى سەربازگە، خۆمەڵاسدان لە شوێنى پۆلاین، بڵاوکردنەوەى سوپا و چڕکردنەوەیان، ئەداى پێکهاتەکانى سوپا لەماوەى شەڕ و ڕێکردنیدا هەموو ئەمانە پەیوەستن بە ڕادەى زانیارییەکانى بە ئەندازیارییەوە.

        - ئینجا دەڵێت: بڕێکى کەم لە ژمێرە و ئەندازیارى بەسە بۆ وەدیهاتنى ئەم مەبەستانە، بەڵام ئەگەر بمانەوێ بەشێوەیەکى قوڵتر و فراوانتر لێکۆڵینەوە لەم زانستە بکەین یارمەتیمان دەدات بگەین بە ئامانجەکانمان، کە بریتییە لە تێڕامان لە نموونەى باش. لە پێشووتردا باسمان کرد هەر لێکۆڵینەوەیەک دەروون پاڵپێوەبنێت بەرەو بەڕێزترین بوونەوەر وباڵاترینیان و ڕامان لێى، ئەو جۆرە لێکۆڵینەوەیە مەبەستە".

        لێرەدا ئێمە لەبەردەم دەست نیشانکردنێکى وردى بوار و ئامانجەکانى فێربوونى بیرکارین لە وتوێژەکانى "کۆمار"دا، کە دەکرێ ئامانجەکانى بۆ ئاستى کردارى و تیۆرى دابەش بکەین:

        - لەسەر ئاستى یەکەم: فێرکردنى بیرکارى بەهەردوو ڕشتەکەیەوە "ژمێرە وئەندازیارى" سوودى هەیە لە ئامادەسازکردنى (تاک- بەرپرسیار) بۆ ئەنجامدانى ئەرکەکانى جەنگ بەشێوەیەکى رێک وپێک دوور لە سەرپێى وهەڕەمەکى (سەرکردایەتى سوپا، پلاندانانى جەنگ، باش رێککردن لەکاتى جەنگدا... هەموو ئەمانە بەندن بە بوونى زانیارى لەبارەى ئەندازیارى شوێن وچەندێتى دوژمنەوە، بەڵام بیرکارى بەم مانایە بەشێکە لە کەرەستەکانى شار فێرخوازەکانى فێرى دەبن بە مەبەستى پاسگاکردنى شار و بەرگرى لێکردنى.

        - لەسەر ئاستى دووەم: لێرەدا بیرکارى لایەنى کردارى رۆژانە تێدەپەڕێنێت و دەگۆڕێت بۆ "وەرزشێکى ئەقڵى" بە ئامانجى راهاتنى ئەقڵ و دەروونە لەسەر بەها باڵاکان. وەزیفەى بیرکارى بریتى نییە لە ئاسانکردنى کردارى "کڕین وفرۆشتن" بەڵکو هاندانى تاکە بۆ بەرزکردنى پێدراوە هەستییەکان و جیهانى نمونەیى- چاک. بیرکارى لە خودى خۆیدا ئامانج نییە، بەڵکو لە سادەترین وێنەدا ئامرازێکى کارکردنە، لە باڵاترین شێوەشیدا ئامرازێکە بۆ تێڕوانینى ئەقڵى.

        لەمیانى ئەم بڕگانەى پێشووتر وا دەردەکەوێ، کە هەموو قۆناغێکى پەروەردەیى – فێرکارى چەند بابەتێکى پێویست لە خۆدەگرێت ئەوەتا وەرزش و موسیقا دوو داخوازى بنەڕەتى قۆناغى یەکەم بوون، لە قۆناغى دووەمدا بیرکارى بۆ بە بابەتێکى پێویست. لەگەڵ ئەوەشدا ئەفسانە وپڕوپۆچگەرایى لە قۆناغى یەکەمدا ڕەتکرابۆوە، هەروەک چۆن لە قۆناغى دووەمیشدا "دیالکتیک" مادەیەکى مەرغوب نەبووە لەبەرئەوەى دیالکتیک لە دیدى ئەفلاتونەوە بەهایەکى باڵاى مەعریفیی هەیە و مەبەستى هەموو خوێندنی باڵا یەکە، بەڵام لەوانەیە ببێتە مەعریفەیەکى خراپ وئامانجێکى پێچەوانە دەست بخات. دیالکتیک لە قۆناغى شیاوى خۆى و بەرێگاى گونجاوى بناغەیە ودەبێت بخوێنرێت، بەڵام ئەگەر بە رێگایەکى نەگونجاو و لە قۆناغى خۆیدا نەخوێنرا کارتێکراوێکى پێچەوانە دەخاتەوە..لەم بارەیەوە ئەفڵاتون دەڵێت: "پێویستە نەهیڵین دیالکتیک بخوێنن وپراکتیزەى بکەن چونکە ئەوان تازەن، ڕەنگە پێشوتر تێبینى ئەوەمان کردبێت، کە ئەو هەرزەکارانەى بۆ یەکەمجار چێژى دیالکتیکیان کردووە خراپ بەکاریان هێناوە ودەیکەنە گاڵتەجاڕى وتەنها وەک لاساریى وهەڵیت وپەڵیت بەکاریدەهێنن. ئەگەر یەکێک بەڵگەکانیان ڕەتبکاتەوە، دەستبەجێ ئەوان بەدەمیدا دێنەوە ولاسایى دەکەنەوە و بەهەمان شێواز وەڵامى بەڵگەکانیان دەدەنەوە هەروەکو ئەو توتەڵەسەگە چێژ دەبینێت لە راکێشانى ئەو کەسەى نزیکى دەبێتەوە وجل وبەرگەکانى دادەدڕێنێت".  

        کاتێک فێرى "دیالکتیک" دەکرێن لە قۆناغێکى نەشیاو دەبێتە هۆکارى پێکدادان و جەدەلى نەزۆک. لە راستیدا ئەفڵاتون رەخنە لە فێرخوازى دیالکتیک ناگرێت، بەڵکو سوفستائییەکان بە بەرپرسیار دەزانێت کە وەک خوێندنگەیەکى فەلسەفى وفێرکارى کاریان لەسەر بڵاوکردنەوە وگشتاندنى فەلسەفە بەبێ چاودێرى کردووە.

        هەمیشە هەرزەکار مگێز وئارەزووى فێربوونى شتە نەزانراوەکانى هەیە وکاتێک فێرى دیالکتیکیشى دەکەین، ئەو کات ماناى وایە ئێمە ئامرازى بنەڕەتى پێشکەش دەکەین بۆ راسخکردن وسەقامگیرکردنى ئەم مگێزە وپاڵى پێوەدەنێت بۆ بەکارهێنانى ئەقڵ و بەڵگەکارى بۆ هەموو سکاڵایەک، کە بەرگرى لێ دەکات. لە دیدى ئەفڵاتونەوە ئەم تایبەتمەندییە بەو کەسانە دەدرێت، کە بە سەرکەوتوویى دوو قۆناغى دوایى تێپەڕینن و توانستى تێڕامانى هەیە.

 

        قۆناغى سێیەم: تێڕامانى ئەقڵى:

        دکتۆر زەکەریا لە لێکۆڵینەوەکەیدا  لەسەر وتوێژەکانى "کۆمار"دا قۆناغى کۆتایى فێرکردن لەلاى ئەفڵاتون دیارى دەکات و دەڵێت:" بەڵام ئەم قۆناغەى کۆتایى لە سیستەمى فێرکردنى هاوچەرخدا، تەریبە بە قۆناغى فێرکردنى زانکۆیى، ئەگەرچى لە سى ساڵییەوە دەست پێدەکات، وا دیارە کە ئەم قۆناغە، قۆناغى بژاردەکردنى کۆتاییە، ئەوانەى ئەم جۆرە فێرکردنە بەدەست دەهێنن پوختەى پرۆسەى بژارکردنن، کە لە قۆناغەکانى پێشووتردا زانیارییان بەدەستهێناوە و پێی گەیشتوون".

        ئەگەر بڕوانینە قۆناغى کۆتایى پەروەردە وفێرکردن لە کۆى وتوێژەکەدا. دەکرێ بڵێن کە ئەم قۆناغە مەبەستە، بەڵام هەموو قۆناغەکانى دى تەنها ئامادەسازیی بووە بۆ ئەم قۆناغە. بەو شێوەیە هەموو کەسانەى دەگەنە ئەم قۆناغە ئەوانەن، کە لێهاتووییەکانى تێدا دەرکەووتووە وڕوخسارەکانى قۆناغەکانى پێشوویان فامکردووە. ئایا ئەم " دەستەبژێرە هەڵبژێراوە" لە قۆناغى کۆتایى فێرکردندا چى چاوەڕوان دەکات؟

        لە کۆتایى قۆناغى دووەمدا ئەوە ڕوون بۆوە کە فێرکردنى بیرکارى زۆر زیاتر لە پرۆسەى کردەیى خۆى ئەنجام دەدات، بەڵکو مەبەستى ئامادەکردنى تاکە بۆ تێڕامان و بیرکردنەوە. ئەم کۆتاییە، سەرەتاى قۆناغى سێیەمە، لەم قۆناغەدا چیتر لە تاک داخوازى ناکرێت، کە خۆى لە جیهانى ڕاستەوخۆدا، جیهانى ئەزمونى رۆژانە، هەست، گۆڕاو و فانى، بەند بکات، چونکە لە تێڕوانینى ئەفڵاتوندا ئەمە تەنها سێبەرێکە بۆ زانینى ئەسڵى مەعریفەکە. ئەفڵاتون مەرجە سەرەکییەکانى فێرکردنى ئەقڵى دیارى دەکات و دەڵێت:

        "...بەڵام ئەو باسکردنەى پێشووتر باسمان کرد واتاى ئەوەیە کە هەموو تاکێک تواناى فێربوونى هەیە وئەندامێکى تایبەتمەندى هەیە بۆ ئەم مەبەستە. هەروەک چاو ناتوانێ لەتاریکیەوە بچێتە ڕووناکییەوە ئەگەر هەموو جەستەى ئەو ئاڕاستەیە وەرنەگرێت، بەو شێوەیە پێویستە کۆى دەروون بچێتە دەرەوەى جیهانى گۆڕاوەوە هەتاوەکو تواناى هەبێت تێڕامان لە بوون و ناوەرۆکى بوون بکات، ئەمەش ئەوەیە کە بە باش ناومان ناوە..."

        ئەم قۆناغەى فێرکردن دەست پێدەکات بە دەرخستنى لێهاتوویى و توانا تایبەتییەکانى بەجۆرێک واى لێبکات جیاوازییەکانى نێوان ئاسایى و هەق، بینراو و مەعقول، تاریکى و رووناکى، سێبەر و ئەسڵ لەبەرچاوى ڕوون بێت...واتە: ئامادەیى هەبێت " ئەشکەوت" بەجێ بهێڵیت و لە راستى و بنەماکانى تێبگات. لێرەدا ئەمە پەیوەستە بە فەلسەفەلێدانەوە واتە: بە ڕزگاربوون لە بەندوبەستەکانى هەست پێکراو و، ئەو گومان و وەهمەى تێدایە. هەروەها بە ڕزگاربوونى دەروونى لەو خڵتانەى لەم جیهانە گۆڕاوەدا پێوەبەستراوە، سەربارى رزگاربوون لە بەندوبەستەکانى چێژ و ئارەزوو.

        سەرەتاى فەلسەفەلێدان بریتییە لە هەبوونى تواناى  بەجێهێشتنى ئەشکەوت وبینیى هەقیقەت بە شێوەیەکى زۆر ڕوون، کە ئەمەش بەدی نایەت تەنها لەڕێگەى دووبارە پێکهێنانەوەى هێزەکانى دەروون (ئاژەڵیبوون، توڕەیى، ئاقڵى)، هەروەها ملکەچپێکردنى هەموو شتە نا ئەقلانیەتییەکان بۆ ئەقلانییەت. پەروەردە بەم تێڕوانینەى ئەفڵاتون هەروەک سارە کوفمان دەڵێ : "هەوڵدانە بۆ دانانى دادپەروەرى ودووبارە دانانەوەى هەموو بەشەکان بۆ جێگەى تایبەتى خۆى، ئەوەش بە دانانى ئارەزووەکان لە ژێر چڵێسییەوە و پەرەپێدانى دەروونى توڕەبوو دەبێت، کە پێویستە هاوکارى بکرێ لە پێناو لەناوبردنى ئەو هەژموونگەرییەى ئارەزووەکان پیادەى دەکات..."

        ئەرکى پەروەرشیار لەم قۆناغەدا یارمەتیدانى فێرخوازە لە قەرەبووکردنەوە بینراوى ئاسایی و گوێگرتن بۆ هەستە ڕاستەوخۆکان...بە تێڕامان لە هەقیقەتى شتەکان. ئەم ئەرکەش دوور نییە لە ناڕەحەتى وئازار، کە هەمیشە تاک لەسەرى راهاتووە، بەڵام رێگاى هەقیقەت بە سروشتە ئازار بەخش وسەختەکەیەوە، دەرچوون لە تاریکییەوە بۆ روناکى هەمیشە بە ئازارە، بۆیە پێویستە ئامادەسازى بۆ بکرێ بەتایبەت ئەو کەسانەى ئاواتەخوازن بۆ بەختەوەرى هەقیقەت یان ئاواتەخوازى دەستکەوتنى مەعریفەن، چونکە مەعریفە باشترین وباڵاترینە. فەزیلەت و بەختەوەرى بەبێ هەوڵ وکۆششێکى لێبڕاو نایەتەدێ، کە زادەى ئاکارى حەکیمانەیە جا لە ژیانى تایبەتیدابێت یان لە کاروبارى شار- دەوڵەتدا. پەیڕەوکردنى ئەم رێگا سەختە تەنها بەختەوەرى و فەزیلەتى تاک وەدى نایەنێت، بەڵکو تاکە گرەنتییە بۆ بەختەوەرى شار، بەو شێوەیە هەرکەسێک هەقیقەتى شتەکان بزانێت لەهەمووان شیاوترە بۆ سەرکردایەتیکردنى دەوڵەت- شار. ئەمەى دوایین بەبێ بوونى فەرمانڕەواییەکى حەکیم یان حەکیمێکى فەرمانڕەوا ناتوانێ خۆى ڕزگار بکات لە شەڕ وشۆڕ وخراپەکارییەکانى ناوخۆ و وڵات بەڕێوە ببات. ئەفڵاتون لە وتوێژەکانى کۆماردا ئەم پەیوەندییەى نێوان حوکم و حیکمەت یان حیکمەت و حوکم ڕوون دەکاتەوە و دەڵێت: (... ئامرازى پێکهێنانى دەوڵەتێکى حوکمڕان باش ئەوەیە، کە کەسانێک دەسەڵات بگرنەدەست حوکم بە ئامرازى باشترکردنى ژیان بزانن، بەو شێوەیە تەنها لەو کاتەدا دەسەڵات لە دەستى دەوڵەمەندەکانى فەزیلەت و حیکمەتدا دەبێت، نەک دەوڵەمەندى ئاڵتون. ئەو دەوڵەمەندێکە کار بۆ بەدەستهێنانى بەختەوەرى دەکات، بەڵام کاتێک بوارى کاروبارى گشتى خەڵکانێکى شەڕخواز گرتیانەدەست ئەرکى سەرەکیان دەوڵەمەندکردنى ژیانى خۆیان دەبێت، لەم کاتەدا ئەستەمە حکومەتێکى باش دروست ببێت چونکە ئەمانە لەنێو خۆیاندا دەکەونە ململانێ و شەڕى ناوخۆ تاوەکو سەرى خۆیان و دەوڵەتەکەش بە لەناوچوون دەبەن.)

 

        پوختە و دەرئەنجامەکان:

        بەدواداچوون بۆ ئەو قۆناغانەى کە ئەفڵاتون پێیوایە دەستەبەرى پێکهێنانى دەستەیەکى چاک وباشە بۆ خۆى و شارەکە وامان لێدەکات ئاماژە بە خاڵە بنەڕەتییەکانى بکەین کە دەکرێ لەمانەى خوارەوە کورتى بکەینەوە:

        1. فێرکردن و مەدینە/ دەوڵەت: هەمیشە تانەیەک، کە لە فەلسەفەکەى ئەفڵاتون دەدرێ ئەوەیە نغرۆى "میسالیەت"بووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەفڵاتون نەزعەیەکى سیحراوى و کوێرانەى نییە، بەڵکو بیرۆکەى ئەفڵاتون لە فێرکردن و پەروەردەدا پەیوەندییەکى ئۆرگانى بە کۆمەڵگە وشار و دەوڵەتەوە هەیە. لەهەموو قۆناغێکى فێرکردندا ئەفڵاتون ئەوەمان بیردەخاتەوە، کە فێربوونى تاک لەبەر خودى خۆى نییە، بەڵکو بە مەبەستى پارێزگاریکردن دەوڵەت و، بەدیهێنانى تەبایى و تەواوکاری و، دواجاریش بەختەوەرى و فەزیلەتە. بەوشێوەیە هیچ جۆرە بازدانێک و خۆدەربازکردنێک لە خەم وگرفتەکانى دەوڵەت وشاردا بوونى نییە. لێرەدا فێرکردن هیچ واتایەکى نابێت بەبێ ئەو پەیوەندییە ئۆرگانییە لەگەڵ کاروبارى تایبەت و گشتییدا.

        2. قۆناغبەندى لە فێرکردندا: بە ڕوونى ئەوە لە دیدى ئەفڵاتون دا دەبینرێ، کە هەموو شتێک کاتى تایبەتى خۆى هەیە. پلاندانانێکى بەتین وپتەو هەیە، کە ساتەکان و تەواوکارى و ریزبەندى تێدا پلەبەندکراوە. لێرەدا هەموو بارگرانییەک لەسەر خود لە ئارادا نییە و ماناشى نییە چونکە بارگرانیکردنى خود بۆ بەدەستخستنى نمونەى چاک هیچ ماناى نییە ئەگەر بەرگرییەکى جەستەیى و زەوقێکى سەلیم و گیانێکى وەرزشى نەبێت. هەروەک ماناى نییە داوا لە کەسێک بکەین بگەڕێتەوە تاریکى ئەشکەوت، لەکاتێکدا تواناى زانین و مەعریفەى شتەکانى هەبێت یان سەرلەنوێ داواى فێربوونەوەى ژمێرەى لێ بکەین. ئێمە لەبەردەم قۆناغبەندێکین، کە سروشتى شتەکان وئارەزووى ئاڕاستەکردنى دەروون لە خوارەوە بۆ سەرەوە سەپاندوویەتى. پەروەردە بە ئەم مانایە بریتییە لەوەى کە:" چاوى دەروون وا لێ بکات، کە  لە تاریکى ئەشکەوتەوە بگوزەرێت بۆ ڕووناکى جیهانى مەعقول: ئەگەر ویستمان لە پێکانى چاو دووربکەوینەوە، پێویستە چاوى دەروون وچڵێسى رابهێنین پەیتا پەیتا بە ئاڕاستەى دروست بڕۆن و تێڕوانینیان بگۆڕن...".

        قۆناغبەندى لە فێرکردندا تەنها سروشتى شتەکان و ئارەزووى باڵابوونى دەروون نەیسەپاندووە، بەڵکو هەستێکى پیداگۆگییانەیە، کە هەموو کات فێرخواز چێژ لە فێرکردن ببینێت وخودى خۆى تێپەڕێنێت وخواستێکى مەعریفى گەورەى لەلا دروست بکات. ئەمەش ئەفڵاتون بەجوانى رایگەیاندووە و ئاماژەى پێکردووە دەڵێت: "...هاوڕێ ئازیز نابێ هێز لەگەڵ منداڵدا بەکاربهێنێت، بەڵکو دەبێت واى لێبکەیت فێرکردن وەک یارى و لەهو تەماشا بکات، بەم رێگایەش بە ئاسانى دەتوانی ئارەزوو و مەیلە ئاساییەکانى بدۆزێتەوە".

        3. ئەفڵاتوون و پرسى هەنووکەیى: ئایا بە ڕاستى ئەفڵاتوون سەر بە زەمەنێکى مێژووییە، کە کۆتایهاتووە؟ ئایا ناوەڕۆکى کتێبى "کۆمار" لەڕووى پەروەردە وفێرکردن دەچێتەوە سەر سەردەمێک، کە سەدان سەدە لێمان دوورە وجیامان دەکاتەوە؟ لە ڕاستیدا ئەگەر لەبەر رۆشنایى مێژوویى تەماشاى ناوەڕۆکەکانى هزرى ئەفڵاتوون بکەین، بۆمان ڕوون دەبێتەوە ئەمە پەیوەندى بە فەیلەسوف وفەلسەفەیەکەوە هەیە، کە دەگەڕێتەوە بۆ زەمەنێک کۆتایى هاتووە وناگەڕێتەوە، بەڵام لە پاڵ ئەم ڕەهەندە مێژووییەدا دەکرێ ڕەهەندى " هەنووکەیى- ئێستا" لەبەرچاوبگرین. بەجۆرێک هێشتا ئەفڵاتوون ئاڕاستەمان دەکات و لێمان دەپرسێت و ئیمکاناتى بێسنورمان پێشکەش دەکات بۆ گەیشتن بە ڕێگاى دروست وڕاست، جا لەسەر ئاستى پەروەردە وفێرکردن بێت، یاخود لەسەر ئاستەکانى تر؟.

●●●

 نووسینی: عەبدولقادر موزنیب

وەرگێڕانی: توانا رەشید کەریم(*)

 

*) مامۆستای یاریدەدەر لە بەشی زانستە کۆمەڵایەتییەکان، زانکۆی سلێمانی

 

 

        سەرچاوەکان:

1. فؤاد زكريا: تصدير جمهورية افلاطون- الهيئة المصرية العامة الكتاب، 1985.

2. جمهورية افلاطون: ترجمة د.فؤاد زكريا، راجعها و علف على الاصل اليونانى د.محمد سليم سالم، دار الكاتب العربي للطباعة و النشر، المؤسسة المصرية العامة للتاليف و النشر، القاهرة، 1968.

 

 

3. Sara kofman: Philosophie terminee, Philosophie interminale, Flammarion champs- Paris 1977.

4. Jean Beaufret: Preface du Principe de rasion, Gallimar

 

 

 

Comments